چاودێرێکی سیاسیی پێیوایە، کە عێراق دەتوانێت بەئامانجگرتنی ئەفسەرانی پاسەوانی سنوور بکاتە دۆسیە و لە نەتەوە یەکگرتووەکان دژ بە تورکیا بەکاریبهێنێت و هاوکات بیشیکاتە بەربەست لەبەردەم دەستدرێژییەکانی ئەو دەوڵەتە، دەشڵێت: ئەگەر ئەمجارە عێراق هەڵوێستەکانی نەگۆڕێت ئەوا گومانەکان بەکراوەیی دەمێننەوە لەسەر هەبوونی ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا.
عەدالەت عەبدوڵا، چاودێری سیاسیی و مامۆستای زانکۆ لەبارەی هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی دەوڵەتی تورک و بەئامانجگرتنی دوو ئەفسەری هێزی پاسەوانی سنووری سەر بە حکومەتی عێراق، لە سنووری شارەدێی سیدەکانی سەر بە دەڤەری برادۆست، قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد.
عەدالەت عەبدوڵا، بۆچوونیوایە کە پێویستە ئەمجارە کار لەسەر ئەوە بکرێت کە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیی و نێودەوڵەتیی، سنوورێک بۆ پێشێلکارییە زەقەکانی تورکیا دابنرێت بۆ سەر عێراق، ئەرکی هەموو بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستانیشە کە کاری لەسەر بکەن.
ئاماژە بەوەش دەکات، کە بۆردوومانکردنی هێزەکانی پاراستنی سنووری سەر بە عێراق دەکرێت بکرێتە بەربەستێکی عەرەبیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیی لەبەردەم دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورکیادا، وتیشی: دەتوانن بیکەن بە دۆسیە لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی دژی تورکیا بەکاریبهێنن و بیکەن بە سەرەتایەکیش بۆ پیشاندانی هەڵوێستی جیاواز دژی داگیرکارییەکانی تورکیا.
ئەوەشی وت: یەکێک لە بژاردەکان ڕاگرتنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و عێراق ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت، تورکیا بازاڕی عێراقی کردووەتە سەرچاوەیەکی گەورەی قازانج و سوود لەو داهاتانە وەردەگرێت بۆ ئەنجامدانی کردە سەربازییەکانی، عێراق دەتوانێت ئەمە وەک کارتێک بەکاربهێنێت و جێگرەوەکەشی بدۆزێتەوە.
عەدالەت عەبدوڵا، وتیشی: ئەگەر لەدوای کوژرانی ئەو ئەفسەرانەی هێزی پاراستنی سنوورەوە هەڵوێستەکانی عێراق دژی تورکیا نەگۆڕان، ئەوا جگەلەوەی لاوازیی عێراق پیشان دەدات، گومانەکانیش بەکراوەیی دەهێڵێتەوە لەسەر هەبوونی ڕێککەوتن لە نێوان عێراق و تورکیادا.
ک.س