عەدنان موفتی: ڕێککەوتنی پێش کۆنگرە بە هەڵە دەزانم

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەوەی خستەڕوو، کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەیدا جەخت لە ئەنجامدانی کۆنگرە کراوەتەوە لە وادەی خۆیدا، دەشڵێت کە خۆی بۆ هیچ پۆستێک کاندید ناکاتەوە و ڕێککەوتنی پێش کۆنگرەش بە "هەڵە" دەزانێت.


ئەمڕۆ، عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هۆتێل شاری جوان لە شاری سلێمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی لەبارەی کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەی ئەنجامدا.

عەدنان موفتی لەبارەی بەڕێوەچوونی کۆنگرە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، وتی: مەکتەبی سیاسیی لە کۆبوونەوەی دوێنێدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە کۆنگرە لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆنفرانسی مەڵبەندەکان تەواوببێت و کۆنگرەش لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.

دەشڵێت: ڕێککەوتنی پێش کۆنگرە بە شتێکی هەڵە دەزانم، چونکە دەبێت ئەندامانی کۆنگرە بڕیار لەسەر شتەکان بدەن.

عەدنان موفتی کە سەرۆکی خولی دووەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بوو لە پشکی یەکێتی، بەوتەی خۆی بڕیاریداوە لە کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەیدا خۆی بۆ هیچ پۆستێک کاندید نەکاتەوە.

س.ح