پێنجشەممە, 9 أغس 2018 – 12:35 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە سەبارەت بە چالاکییەکانی شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژە لەدژی هێزە داگیرکەرەکانی عەفرین ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە دووەمین قۆناغی بەرخۆدانی سەردەمدا چالاکییەکانی شەڕڤانانمان لەدژی داگیرکەراندا بەردەوامە، لە هەفتەی یەکەمی مانگی ئابدا سێ چالاکیی لەدژیان ئەنجام دراوە، کە تێیاندا شەش چەتە و سەرباز کوژران و ١٠ دیکەش برینداربوون.
یەپەگە ڕایگەیاند: ٦ی ئاب لەنێوان گوندەکانی کەباشین و برج حەیدەردا ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی چەتەکانی فەیلەقی شام کرایە ئامانج، لەو چالاکییەدا چەتەیەک کوژرا.
لە بەشێکی دیکەدا یەپەگە خستوویەتە ڕوو: هەر ئەو ڕۆژە یەکینەیەکمان لە نێوان ناوەندی عەفرین و جندرێسدا زرێپۆشێکی سوپای تورکیان کردە ئامانج، لەو چالاکییەدا دوو سەرباز کوژران و سێیانی دیکە برینداربوون، هەروەها لە ناوەندی عەفرینیش یەکینەیەکی پۆلیسی تورک کرایە ئامانجی چالاکی، سێ چەتە کوژران و حەوت چەتە برینداربوون.
لەکۆتاییدا یەپەگە ڕایگەیاندووە: لە شەوی ٥ بۆسەر ٦ی ئاب سوپای تورک و چەتەکانی لە ناوەندی شارۆچکەی ڕاجۆ، بلبلێ و شیە ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکرد، ئەو ئۆپەراسیۆنە بەبێ ئەنجام کشایەوە.
س.ح