عەفرین، ٢ چەتە کوژران

لە ئەنجامی چالاکیی هێزەکانی ڕزگاری عەفرین لەدژی داگیرکەران، لە عەفرین و عەزاز دوو چەتەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کوژران.


ئەمڕۆ هێزەکانی ڕزگاری عەفرین لەسەر چالاکیی هێزەکانی لە عەفرین و دەوروبەری دژی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە هێزەکانمان لە ناوەندی شاری عەفرین چالاکییەکیان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا چەتەیەک کوژراو دووی دیکەش برینداربوون.

هەروەها هاتووە: هێزەکانمان لە شاری عەفرین لەسەر ڕێگای ناوچەی ڕاجۆ چالاکییەکیان دژی چەتەکان ئەنجامادا، لەو چالاکییەدا گورز لە ئۆتۆمبێلێکی چەتەکان وەشێندرا و چەتەیەک برینداربوو.

لە بەردەوامی هاتووە: ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە هێزەکانمان لە کەفەر خاشر سەربە عەزاز چالاکییەکیان ئەنجامدا و لەو چالاکییەدا چەتەیەک کوژرا.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە، هێزەکانمان لە مەیدانی ئازادیی ناوەندی شاری عەفرین چالاکییەکیان دژی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەنجامدا، بەڵام ئەنجامەکەی ڕوون نەبووەتەوە.

لە کۆتاییش هاتووە: سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی لەم دواییانەدا، گوند و ناوچەکانی سەربە هەرێمەکانی عەفرین و شەهبا تۆپباران دەکەن و جموجوڵی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیش بەسەر ئاسمانی ناوچەکە بەردەوامە. 

ک.س