عەفرین، یەپەگە کوژرانی ٦ سەرباز و چەتەی ڕاگەیاند

شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە لە سەرەتای مانگی ئابەوە بۆ ئێستا، سێ چالاکییان لەدژی هێزە داگیرکەرەکانی عەفرین ئەنجام داوە و لە ئەنجامیاندا، شەش چەتە و سەربازی تورک کوژراون.


ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە سەبارەت بە چالاکییەکانی شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژە لەدژی هێزە داگیرکەرەکانی عەفرین ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە دووەمین قۆناغی بەرخۆدانی سەردەمدا چالاکییەکانی شەڕڤانانمان لەدژی داگیرکەراندا بەردەوامە، لە هەفتەی یەکەمی مانگی ئابدا سێ چالاکیی لەدژیان ئەنجام دراوە، کە تێیاندا شەش چەتە و سەرباز کوژران و ١٠ دیکەش برینداربوون.

یەپەگە ڕایگەیاند: ٦ی ئاب لەنێوان گوندەکانی کەباشین و برج حەیدەردا ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی چەتەکانی فەیلەقی شام کرایە ئامانج، لەو چالاکییەدا چەتەیەک کوژرا.

لە بەشێکی دیکەدا یەپەگە خستوویەتە ڕوو: هەر ئەو ڕۆژە یەکینەیەکمان لە نێوان ناوەندی عەفرین و جندرێسدا زرێپۆشێکی سوپای تورکیان کردە ئامانج، لەو چالاکییەدا دوو سەرباز کوژران و سێیانی دیکە برینداربوون، هەروەها لە ناوەندی عەفرینیش یەکینەیەکی پۆلیسی تورک کرایە ئامانجی چالاکی، سێ چەتە کوژران و حەوت چەتە برینداربوون.

لەکۆتاییدا یەپەگە ڕایگەیاندووە: لە شەوی ٥ بۆسەر ٦ی ئاب سوپای تورک و چەتەکانی لە ناوەندی شارۆچکەی ڕاجۆ، بلبلێ و شیە ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکرد، ئەو ئۆپەراسیۆنە بەبێ ئەنجام کشایەوە.

س.ح