عەلاوی شاندەکەی هەرێمی کوردستانی بە دەستی بەتاڵ ناردەوە

لایەنە کوردییەکان لە هەموو لایەکەوە کەوتوونەتە هەوڵ بۆ قایلکردنی محەمەد تۆفیق عەلاوی، کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق تا سێ وەزارەتەکەی پشکی کورد بە کاندیدانی یەکێتیی و پارتی پڕبکرێنەوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجام.


سێ ڕۆژە شاندێکی لایەنە کوردستانییەکان بە سەرپەرشتیی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە پێکهاتوون لە نوێنەرانی پارتی، گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامیی، لە بەغدای پایتەختن و لەگەڵ بەشێکی زۆر لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق کۆبوونەتەوە.

شاندەکە دوێنێ لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی، کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق کۆبوونەوە، بەپێی زانیارییەکان، عەلاویی تا ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی شوبات مۆڵەتی پێداون، تا کاندیدەکانیان پێشکەش بکەن بۆ سێ وەزارەتەکەی پشکی کورد، بەمەرجێک کاندیدەکان حزبیی نەبن و کەسانی سەربەخۆ بن.

هەرچەندە شاندەکەی هەرێم پێداگریی کردووە لەوەی نوێنەری لایەنە سیاسییەکان کاندید بکەن بۆ پۆستە وزارییەکان، بەڵام بەدەستی بەتاڵ لای محەمەد تۆفیق عەلاوی هاتوونەتە دەرەوە و قایل نەبووە بە داواکارییەکەیان.

شاندەکە لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا، لەگەڵ سەرکردەکانی فەتح و سائیروون و لایەنە سوننییەکان کۆبوونەتەوە، بەشێک لە سەرکردە شیعیی و سوننییەکانیش وەک نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، نیگەرانیی خۆیان لە مەرجەکەی عەلاوی دەربڕیوە، کە بۆ هەڵبژاردنی کاندیدی وەزارەتەکان دایناوە.

دوێنێش شاندێکی هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتیی فالح فەیاز سەردانی هەولێریان کردووە و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی کۆبوونەتەوە، بەپێی زانیارییەکان بارزانی داوای لە شاندەکە کردووە قسە لەگەڵ عەلاویدا بکەن بۆ قایلبوون بە داواکارییەکەی کورد، کە دانانی کاندیدی حزبییە بۆ وەزارەتەکانی پشکی خۆیان.

شاندەکەی فەتح دڵنیاییان داوەتە بارزانی کە هەرێمی کوردستان لە کابینەکەی عەلاویدا زەرەرمەند نابێت، جەختیشیان کردووەتەوە کە بەهەر جۆرێک لە جۆرەکان ئەم کێشانە تێبپەڕێندرێن، بۆ ئەوەی حکومەتی داهاتوو لانیکەم لەڕووی سیاسییەوە کەمترین ناکۆکیی لەسەر هەبێت.

هەرچەندە پێشتریش بڕیاربوو محەمەد تۆفیق عەلاوی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام وەك خۆی داوای لە پەرلەمان کردووە پێویستە ڕۆژی ٢٤ی شوبات ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبێتەوە و دەنگ بە کابینەکەی بدات، بۆیە ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگەش بە دووا ڕۆژی چانسی لایەنە کوردییەکان دادەنرێت بۆ ئەوەی کاندیدەکانیان یەکلابکەنەوە، هەر بۆیە تا ئێستاش هیچ وادەیەک بۆ سەردانەکەی بۆ هەرێم دیاریینەکراوە.

گریمانەش دەکرێت عەلاوی سەردانەکەی بۆ هەرێم هەڵوەشاندبێتەوە، چونکە بەبڕاوی چاودێران، نایەوێت وەک سەرۆک وەزیرانەکانی پێشوو مامەڵە بکات و دواجار بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەی ڕەزامەندیی لایەنە سیاسییەکان وەربگرێت، بۆیەش تا ئێستا بەئاشکرا لەگەڵ هیچ بەرپرسێکی سیاسیی عێراقدا کۆبوونەوەی نەکردووە.

ئەوەی هێشتا لە هەگبەی کابینەکەی عەلاویدا بۆ کورد بە ناڕوونی ماوەتەوە و تەنانەت لایەنە کوردییەکانیش کەمترین سەرنجیان لەسەر بووە، پرسی ناوچە دابڕێندراوەکان و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بووە.

لەگەڵ ئەوەی بەگوێرەی دەستور کەمتر لە ١٠ڕۆژ ماوەی یاسایی لەبەردەم عەلاوی ماوە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی، بەڵام هێشتا بەرچاوی کورد ڕوون نییە عەلاوی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دوو مەلەفەدا دەکات، بەڵام وەک یاسین تەها، شارەزای کاروباری عێراق بۆ ڕۆژنیوز خستییەڕوو: عەلاویی وتوویەتی کە کێشەی لەگەڵ داواکارییەکانی کوردا نییە، وەک پارەی جووتیاران و بەشەبودجە و دابینکردنی بودجە بۆ ماددەی ١٤٠.

سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش، یاسین تەها پێیوایە، بەشێکی پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە حکومەتی عێراق کاربەڕێکەرە و ناتوانێت وەک پێویست کارەکان هەڵسووڕێنێت، بەشێکی وەک "پەیامی سیاسیی" لەقەڵەمدەدات، کە "ئەگەر کورد قایل نەبن بە مەرجەکانی عەلاوی، ئەوا ئەوانیش هەڵوێستی دیکەیان دەبێت".

ئێستا پێنج ڕۆژ لەبەردەم لایەنەکاندا ماوە تا بتوانن داواکارییەکانیان لە کابینەکەی عەلاویدا جێ بکەنەوە، دوێنێ عەلاوی داوای لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمان ڕێکبخرێت بۆ دەنگدان لەسەر کابینە وزارییەکەی.

پارتی و یەکێتییش کەوتوونەتە هەڵەدەوان و دەیانەوێت بە هەر نرخێک بێت، کورسیی سێ وەزارەتەکەی پشکی کورد بە کاندیدی خۆیان پڕبکەنەوە، لەکاتێکدا بەبڕوای چاودێران دەبوو ئێستا شەڕی کورد بۆ ناوچە دابڕێندراوەکان و مافەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بووایە.

ک.س