ئەندامێکى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، ھێزێکی ئەمنیی زۆر بە ئۆتۆمبێلی جام ڕەش ژمارەیەکی زۆر خوێندکاریان لەنزیک بینای وەزارەتى خوێندنى باڵا لە هەولێر ڕفاندووە.
عەلى حەمە ساڵح ئەندامى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان لە فراکسیۆنى گۆڕان لە نوەسینێکدا لە پەڕەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەلایەتى فەیسبوک ڕایگەیاندووە”ئێستا ھێزێکی ئەمنی زۆر بە ئۆتۆمبیلی جام ڕەش ژمارەیەکی زۆر خوێندکارییان لە نزیک بینایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕفاند و ئێوە بەرپرسن لەم دۆخە”.
لە بەشێکى دیکەى نووسینەکەیدا ئەو ئەندامەى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان باسیلەوەکردووە، “ئەو هێزە ئەمنیانە ئازاری ڕۆژنامەنووسانیش دەدەن”.
هەوەرها، ئەمڕۆ بە مەبەستى ڕێگرى لە دروستبونى خۆپیشاندانى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان هێزە ئەمنیەکانى شارى هەولێر لە شەقامى سەرەکی بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بڵاوەیان پێکرا و تەنانەت ڕێگەیان نەدەدا هیچ خوێندکارێک بچێتە بەردەم بینایی وەزارەتی خوێندنی باڵا.
پێنج ڕۆژە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، کۆیە، سەیدسادق، کەلار و لە دوو ڕۆژى ڕابردووشدا لە هەولێر و دهۆک دەستیپێکرد و تێیدا داوای پێدانی دەرماڵەکانیان دەکەن.
جێگەى ئاماژەیە، دوێنێ خۆپیشاندانەکان لە شاری سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە نزیکەى ٩٦ خۆپیشاندەر لە خوێندکاران و رۆژنامەوانان هێرشیانکرایەسەر و ژمارەیەکی دیکەشیان بەر گازی فرمێسک ڕێژ دۆخی تەندروستیان تێکچوو و لەو چوارچێوەدا دوو ڕۆژنامەنوسى ئاژانسى ڕۆژنیوز دەستگیرکران و تاوەکو ئێستاش چارەنوسیان نادیارە.
ئ.م