عەلی حەمەساڵح: ھەڕەشەی خۆپیشاندان تاوانە! بەڵام دزی و تاڵانکاری نا

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کوردستان ھەڕەشەی خۆپیشاندان تاوانە، بەڵام دزی و تاڵانکاری نا.


دوابەدوای دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسێک و بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لەسەر دواخستنی مووچەی فەرمانبەران، عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

عەلی حەمەساڵح دەڵێت: یەکێک لە گرفتەکانی هەرێمی کوردستان دادگای حیزبی و داواکاری گشتییە، ئەوانەی بەئاشکرا سەرقاڵی گەندەڵی و دزی و داگیرکارین، ڕۆژێک یەکێکیان نەخرایە زیندان، ئەوانەی لەسەر حسابی میللەت بونە ملیاردێر، ھیچی دادگای ناکرێت، بەڵام ھێمن مامەند، کە وتی: حەقە خەڵک بڕژێتە شەقام بۆ مووچە، وتیان بۆ زیندان.

هەروەها دەڵێت، نەک بەرپرسە باڵاکانی گەندەڵی، دادگا دۆسیەی گەندەڵی ئاشتی ھەورامی و رەشید تاھیر و دیارنەمانی ٢٠٠ ملیار دیناری پرۆژەکانی سلێمانیش دادەخات، تاوانبارانیش پاک دەکاتەوە، دووپاتیشیدەکاتەوە ئەگەر خەڵک بزانێت پارە نییە، داوای دینارێک ناکات.

هەروەها سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵ ڕایگەیاندووە، "پاره‌ زۆره‌ به‌ڵام پێیان وایه‌ میله‌تێك ئه‌م هه‌موو زوڵم و نادادی و دزییه‌‌ قبوڵ بكات پاره‌ی بۆچییه‌".

س.ح