دووشەممە, 16 يول 2018 – 13:12 ڕۆژنیوز ـ ناوهندى ههواڵهکان
ئەمڕۆ لە چاوپێكەوتنێكدا كە ئاژانسی هەواڵی فورات لەگەڵیدا ئەنجامی داوە، عەگید كەلار، یەكێك لە فەرەماندەكانی هەپەگە باسی داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر باشوری كوردستان دەكات، هەروەها ڕەخنەش لە قسەكانی نێچیرڤان بارزانی دەگرێت، كە پەكەكەی بە “داگیركەر” ناوبردبوو.
عەگید كەلار دەڵێت: هێرشی توركیا بۆ سەر باشوری كوردستان لە سەرەتای بەهارەوە بە چڕیی بەردەوام دەكات، لەم ماوەیەی دوایشدا توركیا دەیەەوێت هێرش بكاتە سەر قەندیل و پەكەكەش وەكو بەهانە نیشان دەدەن، ئامانجی توركیا ئەوەیە هەموو باشوری كوردستان داگیر بكات، نەك تەنها قەندیل، لە ڕۆژئاوای كوردستان ئەوە بە ئاشكرا دیار بوو، كە ئامانجەكەی داگیركردنە، لە باشوری كوردستانیشدا بەو شێوەیە، لە سەرەتای بەهارەوە لە هەرێمی برادۆست لە خواكورك لە بادینان ئەو داگیركارییە بەردەوام دەكات.
“ئاكەپە ئاكەپەی جاران نییە”
فەرماندەكەی هەپەگە دەڵێت: هەڤاڵانی ئێمە لە دژی ئەو داگیركاریە لەنێو پاراستنی باشوری كوردستاندان، هەڤاڵانی ئێمە باشوری كوردستان دەپارێزێن، ئاشكرایە كە ئاكەپە چووەتەسەر هێڵی مەهەپە، مەهەپەش پارتییەكی فاشیستە، ئاكەپە ئاكەپەی جاران نییە، ئەردۆغان ئێستا لەسەر خەتی دەوڵەت باخچەلیە، كە هیچ شتێك لەسەر ناوی كورد پەسەند ناكات، بۆیە پێویستە هەموو كەسێك لەو ڕەوشە ئاگادار بێت، ئێستا ئاكەپە و مەهەپە هیچ جیاوازییەكیان نییە، بۆ ئەوەش هیچ شتێك لەسەر ناوی كورد قەبوڵ ناكەن.
“پەكەكە لە هەمان كاتدا جوڵانەوەی باشوری كوردستانیشە”
فەرمانداری هەپەگە وتی: پەكەكە لە هەمان كاتدا جوڵانەوەی باشوری كوردستانیشە، كەس ناتوانێ ئەوە ئینكار بكات، هەڤاڵان بەشداری شەڕی جەلەولا بوون و بۆ ڕزگاركردنی جەلالەولا دژی داعش شەڕیان كرد، لە كەركوك لە دژی داعش شەڕیان كرد و لەوێ هەڤاڵی ئێمە شەهید بوون، لە شەنگال هەڤاڵان لە دژی داعش شەڕیان كرد و ئێستاش بەرخۆدان بەردەوامە بۆ گەلی باشوری كوردستان، واتا پەكەكە لە هەمان كاتدا جوڵانەوەیەكی باشوری كوردستانیشە، ئەوە سەلما كە پەكەكە تەڤگەرێكی باشوری كوردستانیشە، هەركاتێك هێرش لەسەر باشور دروست ببێت پەكەكە باشوری كوردستان دەپارێزێت.
“شەڕی قەندیل شەڕی پاراستنی هەموو باشوری كوردستانە”
عەگید كەلار باسی لەوە كرد: داعش و توركیا بەردەوامیی یەكن، پێویستە ئەو ڕاستیە بزانرێت و بەو شێوە لە شەڕی قەندیل تێبگەین، شەڕی قەندیل شەڕی پاراستنی تەواوی باشوری كوردستانە، بۆیە پێویستە بابەتەكە وەكو خۆی شڕۆڤە بكرێت، نیشاندانی پەكەكە وەكو داگیركەریی خزمەتی داگیركەران دەكات، ئێستا هەندێك دەنگی جیاواز دەردەكەون و پەكەكە وەكو داگیركەر نیشان دەدەن، بەڵام ئەوە هیچ پەیوەندییەكی بە ڕاستییەوە نییە، ئێمەش خەڵكی باشوری كوردستانین.
كەلار زیاتر وتی: چۆن دەبێت كە ئێمە داگیركەر بین، ئێمە كوێمان داگیركردو؟! كەسێك كە لە وڵاتی خۆی بێت و هاوڵاتیانی خۆی بپارێزێت، چۆن دەبێتە داگیركەر؟! سوپای تورك هاتووتە باشوری كوردستان، ئێمە لە دژی ئەو سوپایە شەڕ دەكەین و بەرخۆدان دەكەین، چۆن دەبێت كە ئێمە داگیركەر بین؟! بۆیە ئەو وتنانە خزمەتی داگیركەر دەكات، لەبەر ئەوە دەبێت گەلی ئێمە ئەو ڕاستیە بزانن و بە شێوەیەكی توندو لە دژی ئەو قسانە هەڵوێست نیشان بدەن، پەكەكە داگیركەر نییە، پەكەكە هێزێكی باشوری كوردستانیشە، بۆ پاراستنی باشوری كوردستان ئێمە ئامادەین گیانی خۆمان بدەین و ئەوەشمان كردوە.
“توركیا دەیەوێت باشور و ڕۆژهەڵات لەیەك داببڕێت”
عەگید كەلار ئەوەشی وت: دەوڵەتی تورك دەیەوێت بە داگیركردنی باشوری كوردستان پەیوەندی نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان ببرێت، هەروەها دەیەوێت كەركوك و موسڵ-یش داگیربكات، بۆ ئەو ئامانجانەشی پەكەكە دەكاتە بیانوو، ئەو پیلانانەی توركیا ڕوونە و هەموو كەس دەیزانێت.
باسی لەوەش كرد: گەلی كورد لە باشوری كوردستان بێ هەڵوێست نین، بە تایبەتی هاتنی گەنجان بۆ قەندیل كارێكی پیرۆزە و زۆر باشە، پێویستە هەڵوێستێكی فراوانتر نیشان بدرێت و تەواوی گەلی باشور ببنە قەڵغانی زیندوو، چۆن گەنجان بە شێوەی قەڵغانی زیندوو باشوری كوردستان دەپارێزێن، گەلیش پێویستە بەو شێوەیە بە قەڵغانی زیندوو هەڵوێستی خۆی نیشان بدات و دەبێت هەموو ڕۆژێك چالاكی و ناڕەزایی ئەنجام بدەن دژی داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك، چونكە داگیركاریی ئەمجارە جیاواز.
ئەوەشی خستەڕوو: توركیا دەیەوێت پەیوەندی نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان ببڕێت، هێرش لەسەر برادۆست بەو واتایەت دێت كە ڕۆژهەڵات و باشور لەیەك دابڕن، بۆیە پێویستە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە هەڵوێست نیشان بدرێت، واتا داگیركاریی توركیا بە بەهانەی پەكەكە، بۆ ئامانجی زیاترە، دەبێ گەلی ئێمە ئەوە باش بزانێت.
“گەریلا لە هەموو شوێنێك ئامادەیە”
فەرمانداری هەپەگە وتی: ڕۆشنبیران و گەنجانی باشوری كوردستان دەبێت هەڵوێستی جدیان هەبێت، نەك تەنها قەندیل، پێویستە بچنە برادۆستیش، بەو شێوەیە دەتوانرێت باشوری كوردستان بپارێزرێت، گەریلا بە ڕۆڵی خۆی هەڵدەستێت و بۆ ڕێگریكردن لە داگیركاریی توركیا ئامادەیە فیداكاریی مەزنتریش بكات، گەریلا هێزێكی نەتەوەییە، لە چی شوێنێكی كوردستان پێویست بێت ئامادەیە، نەك تەنها جەلەولا، ئەگەر پێویست بێ ئێمە لە كرماشان-یش دەبین لە ئورمیەش دەبین.
عەگید كەلار وتیشی: هەپەگە وەكو ناوەكەی، هێزی پاراستنی گەلە، كە لە كوێ گەلی كورد پێویستی پێی بێت، گەریلا لەوێیە، لەبەرئەوە ئێستا لە باشوری كوردستانە، گەریلا چۆن لە باكور پاراستن دەكات لە باشوریش بە هەمان شێوە پاراستن دەكات.
“پێویستە پێشمەرگەش لەگەڵ گەریلا دژی داگیركاریی بێت”
فەرماندەی هەپەگە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: ئەو كەسانەی خۆیان بە پێشمەرگە دەزانن، چۆن لەگەڵ هەڤاڵانی ئێمە لە جەلەولا و كەركوك و شەنگال لە دژی داعش شەڕیان كرد، ئێستاش لە دژی داگیركاریی توركیا شەڕ بكەن، لەبەرئەوەی داگیركاریی توركیا ئێستا زۆر جیاوازە، هێڵی مەهەپە هێڵی داگیركاریی و فاشیزم و ئینكاركردنی كوردە، ئەو ڕیفراندۆمەی لە باشوری پێكهات ئەگەر توركیا نەبوایە سەردەكەوت، دەبێت هەركەس ئەوە بزانێت.
ئەوەشی وت: ئێمە بانگ لە گەلی خۆمان دەكەین كە چالاكی ئەنجام بدەن و بانگ لە پێشمەرگە دەكەین كە لەگەڵ گەریلا لە سەنگەرەكان بەرخۆدان بن، ئێمە بانگ لە گەنجان دەكەین كە چالاكی خۆیان زیاتر بكەن، تەنها لە قەندیل نەوەستن و ڕوویان لە برادۆست و خواكورك و هەرێمی بادینان بكەن، لەو چوارچێوەیەدا ئێمە كار و تێكۆشانی گەنجان كەم نابینین، دەستخۆشی لە ئەوان دەكەین، بەڵام پێویستە بگەنە ئەو ئاستەی كە پێش لە داگیركاریی بگرن و چالاكییەكان فراوانتر بكەن.
ك.ك