فراكسیۆنی‌ كۆمەڵ: گەڕاندنەوەی پرۆژە یاسای دامەزراندنی‌ فەرمانبەرانی‌ گرێبەست نایاسایی

سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمەڵ، ڕایدەگەیەنێت، دەبوو لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا، خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاسای‌ دامەزراندنی‌ فەرمانبەرانی‌ گرێبەست بکرێت، بەڵام حکومەتی هەرێم بەشێوەی نایاسایی داواییكردووە پرۆژەکە ڕابگیرێت ‌و بگەڕێندرێتەوە بۆ حكومەت.


ئەمڕۆ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كۆبووە و لە كۆبوونەوەكەدا پەرلەمانتاران جگە لە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیاز یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان و پێشنیازی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بە قاچاغبردنی نەوت، چوار لیژنەی هەمیشەیشییان پەسەند کرد، دەشبوو خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاسای‌ دامەزراندنی‌ فەرمانبەرانی‌ گرێبەست بکرێت بەڵام خوێندنەوەکە نەکراو پرۆژەکە دەگەڕێنرێتەوە بۆ حکومەت.

لە بارەی دانیشتنەکەوە، عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی‌ هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: ڕۆژی‌ ٣٠ی‌ تشرینی‌ یەكەمی‌ ٢٠١٩ بە نوسراو حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان وەڵامی‌ سەرۆكایەتی‌ پەرلەمانی‌ داوەتەوە كە دامەزراندنی‌ فەرمانبەرانی‌ گرێبەست هیچ بارگرانییەك لەسەر حكومەت دروست ناكات.

رونیشیكردەوە، پاش ئەو نوسراوەی‌ حكومەت، لە ڕۆژی‌ ١١ی‌ تشرینی‌ دووەمی‌ ٢٠١٩ سەرۆكایەتی‌ پەرلەمانی‌ هەرێمی كوردستان بڕیاریدا پرۆژەکە بخاتە بەرنامەی‌ كارەوە بەڵام ڕۆژێک دواتر حكومەتی‌ هەرێم نوسراوێكی‌ دیکەی‌ ناردە پەرلەمان ‌و داواییكردووە پرۆژەکە ڕابگیرێت‌و بگەڕێنرێتەوە بۆ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان.

سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمەڵ ئەوەشی خستەڕوو کە نوسراوەكەی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بۆ داواکردنی گەڕاندنەوەی پرۆژە یاسای‌ دامەزراندنی‌ فەرمانبەرانی‌ گرێبەست "نایاساییە" چونكە پرۆژە یاساكە لە پەرلەمانی‌ كوردستانە و پێویست بوو ئەمڕۆ خوێندنەوەی‌ بۆ بكرێت، باسی لەوەشکرد كە موزایەدەی‌ سیاسی‌ تێكەڵی‌ ئەم بابەتە دەكرێت‌.

ک.س