فرسەت سۆفى: ئەم هەفتەیە گفتوگۆكان بۆ پێکهێنانى حکومەت دەستپێدەكاتەوە

ئەندامێكی شاندنی دانوستان كاری پارتی دیمكراتی كوردستان ڕایدەگەینێت ئەم هەفتەیە جارێکی دیكە گفتوگۆكان لە نێوان لایەنە سیاسیەكان لەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەست پێدەكاتەوە، دەشڵێت لەم دانیشتنانەدا دەچینە ناو وردەکارییەکانەوە.


بۆ پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەت، سێ دانیشتن لە نێوان پارتى و یەکێتى و گۆڕان، ئەنجامدراوە، بەڵام هەتاوەکو ئێستا ئەنجامێکى بەرچاو لە دانیشتنەکان بەرهەم نەهاتووە.

فرسەت سۆفی، ئەندامی شاندنی دانوستانكاری پارتی دیموکراتى کوردستان- عێراق، بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ بە ڕۆژنیوزی وت: لەم هەفتەیەدا گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێى حكومەت دەستپێدەكەن و پێشم وابێت ئەنجامی دەبێت، چونكە ئەمجارەیان دەچینە ناو ووردەكاری پێكهێنانی كابینەكە.

وتیشی: لێك تێگەیشتن هەیە لە نێوان لایەنەكان و دەمانەوێت حكومەتێكی بەهێزبێت و كۆمەڵێك لایەن ببنە پایەی ئەم حكومەتە، ئێمە چەند پرەنسیپ و بنەمایەكمان هەیە بۆ ئەم كابینەیەی حكومەت، بۆیە هەر كەسێك لەگەڵ ئەم پڕەنسیپانەدا كۆك بێت ئەوا ڕێزی لێدەگرین، بەڵام بەگشتی ئەو خاڵانەی كە هاوبەشن لەنێوان لایەنەكان بۆ ئەم كابینەیە زیاترن نەك خالە ناكۆكەكان، دەمێنێتەوە سەر ئەنجامی كۆبوونەوەكان و ڕێرەوی گفتوگۆكان.

ماوەى ١٠٤ ڕۆژە، هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام هەتاوەکو ئێستا هیچ ئاسۆیەک بۆ پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان دیار نییە، وەک لە قسەکانى فرسەت سۆفى، ئەندامى شاندى دانوستانکارى پارتى دەردەکەوێت، پارتى پێش مەرجى بۆ ئەو لایەنانە هەیە کە حکومەتیان لە گەڵدا پێک دەهێنێت، هەوەرها یەکێتى و گۆڕانیش مەرجیان بۆ پارتى هەیە، ئەوەش وایکردووە هەتاوەکو ئێستا گفتوگۆکان بە ئەنجام نەگەن.

د.ع