فرسەت سۆفی کرا بە پارێزگاری هەولێر

لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر-دا فرسەت سۆفی، بە پارێزگاری نوێی هەولێر هەڵبژێردرا.


دوای دەستلەکارکێشانەی نەوزاد هادی، لە پۆستی پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ کۆبووەوە و تاکە کاندیدیش بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە فرسەت سۆفی بوو، کەپەرلەمانتاری پێشووی پارتی بوو، هەروەها ئەندامی دەستەی ڕاوێژکاریی یاسایی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە.

عەلی ڕەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ناوی د. فرسەت سۆفی وەك كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق خستە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرو لە كۆی ٢٨ ئەندامی ئەنجومەن كە ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون، دەنگی ٢٧ ئەندامی بەدەستهێنا.

بەپێی ڕێكارە یاساییەكان، بە نووسراوێكی فەرمیی ناوی كاندیدی هەڵبژێردراو بۆ سەرۆكایەتی هەرێم بەرز دەكرێتەوە و لەوێ فەرمانی هەرێمی بۆ دەردەچێت و پاشان لەبەردەم ئەودا سوێندی یاسایی دەخوات.

ش.ف