هاوسەرۆکی نوێی ئەنجومەنی گەلی مەخمور ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی گەمارۆدانی کامپەکەیانەوە کێشەیەکی زۆر بۆ دانیشتوانی کامپەکە دروستبووە و دەڵێت: هەوڵدەدەین ئەو کێشانە چارەسەربکەین و ئەرکی خۆمان جێبەجێ بکەین.
فلیز بوداک، هاوسەرۆکی نوێی ئەنجومەنی گەلی مەخمور کە لە کۆنگرەی دووەمی ئەنجومەنەکدا بەزۆرینەی دەنگ وەک هاوسەرۆک هەڵبژێردرا، لەبارەی کارەکانی داهاتوویانەوە بۆ دانیشتووانی کامپەکە، قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد.
بوداک ڕایگەیاند، کە هەم هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورک و هەمیش هەوڵەکانی عێراق بۆ گەمارۆدانی کامپەکە و هاوکاتیش قەدەغەی هاتووچۆ لەسەر دانیشتووانی کامپەکە لە بەرنامەی ئەواندایە، هاوکاتیش گفتوگۆیان کردووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو کێشە ئابوورییەی، کە بەهۆی فشارەکانی سەر کامپەکەوە بەرۆکی دانیشتووانەکەی گرتووەتەوە.
هەروەک ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە کۆمیتەی ئابووریی ئەنجومەنی گەلی مەخموریان ڕاسپاردووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو کێشە ئابوورییانەی، کە دووچاری دانیشتووانی کامپەکە بووەتەوە.
هاوسەرۆکی نوێی ئەنجومەنی گەلی مەخمور ئاماژەی بە کێشەی خوێندکارانی زانکۆی کامپەکەش کردووە، کە بەهۆی ئەوەی پەدەکە ڕێگە نادات بچنە هەولێر لە خوێندن دابڕاون، ڕاشیگەیاند: بەتایبەت لەسەر ئەو پرسە قسەمان کردووە و هەوڵی پێویستیش بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دەدەین.
فلیز بوداک ئەوەشی خستەڕوو، کە لە کۆنگرەکەیاندا هەم بڕیاری زۆریان دەرکردووە و هەمیشە پلانی دوو ساڵی کاری ئەنجومەنەکەیان داڕشتووە، وتیشی: ئەو ئەرکەی کە بە ئێمە سپێردراوە جێبەجێی دەکەین.
ب.ل