فه‌ڕه‌نسا لێكۆڵینه‌وه‌ لە ‌باره‌ی ڕۆڵی میت له‌ كۆمه‌ڵكوژییەکەی پاریس دەکات

دۆسیه‌ی كۆمه‌ڵكوژیی سێ ژنه‌ شۆڕشگێڕه‌كه‌ی كورد (ساكینه‌ جانسز و هاوڕێکانی) دەچێتە قۆناغێکی نوێوە و فه‌ڕه‌نسا لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كات ده‌رباره‌ی ڕۆڵی میت لەو‌ كۆمه‌ڵكوژییەدا.


٩ی كانوونی دووه‌می ٢٠١٣ له‌ پاریسی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسا سێ ژنه‌ شۆڕشگێڕی كورد ساكینه‌ جانسز، ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ی په‌كه‌كه‌، فیدان دۆغان، نوێنه‌ری كه‌نه‌كه‌ و له‌یلا شایله‌مه‌ز، ئه‌ندامی بزووتنه‌وه‌ی گه‌نجانی كورد تێرۆر كران، ده‌رباره‌ی ڕۆڵی میتی تورك له‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌دا فه‌ڕه‌نسا ده‌ستی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ كرد.

خانه‌واده‌ی سێ شه‌هیده‌كه‌ ئازاری ٢٠١٨ داواكارییان پێشكه‌شی ده‌زگا‌ی دادوه‌ریی فه‌ڕه‌نسا كردبوو و داوایان كرد لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ بكرێت كه‌ فه‌رمانی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌یانداوه‌ و هاوكارییان كردووه‌.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌مه‌به‌ستی سه‌ر له‌نوێ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وەکە‌ دادوه‌رێكی دژه‌تێرۆر ڕاسپێردرا. پارێزه‌ر ژان لویی مالتره‌ لەو بارەیەوە ڕایگه‌یاند، په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و له‌مه‌به‌دوا لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی ڕۆڵی میتی تورك له‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌دا ده‌كرێت، وتیشی: ده‌زگا‌ی دادوه‌ری پەسەندی كردووه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌م بابه‌ته‌دا بكات و هێشتا ڕوون نییه‌ لێپرسینه‌وه‌كان چه‌ند ده‌خایه‌نێت.

ئەو پارێزەرە ڕایگه‌یاند، دوای مردنی تۆمه‌تباری دۆسیەکە له‌ زیندان ئێمه‌ ڕامانگه‌یاندبوو كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ ته‌نیا نییه‌ به‌ڵكو و شانه‌ نهێنییه‌كانی توركیا چه‌كیان پێداوه‌. له‌ دۆسیه‌ی پێشوودا ته‌نیا ده‌رباره‌ی تۆمەتبار عومه‌ر گونه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كرا، به‌ڵام له‌ هه‌مان دۆسیه‌دا ڕۆڵی میت به‌شێوه‌یه‌كی ڕوون ده‌ستنیشان كرابوو.

هاوكات پارێزه‌ر ئانتۆین كومت، به‌ ئاژانسی ڕۆژنامه‌وانی فه‌ڕه‌نسا (AFP)ی ڕاگه‌یاند، "ئه‌مه‌ ڕووداوێكی مێژوییه، كۆتایی به‌ سزانه‌دانی كوشتنی سیاسی له‌ فه‌ڕه‌نسا ده‌هێنرێت كه‌ به‌ فه‌رمانی ده‌ره‌كی ده‌كرێن".

تۆمه‌تباری كۆمه‌ڵكوژیی پاریس عومه‌ر گیونه‌ی، دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌ ده‌ستپێكردنی لێكۆڵینه‌وه،‌ له‌ ساڵی ٢٠١٦ به‌شێوه‌یه‌كی گوماناوی له‌ زیندان مرد. دۆسیه‌كه‌ی ناوبراو به‌ كردار داخرابوو، به‌ڵام خانه‌واده‌ی قوربانییان و كوردان ڕه‌تیان كردبوه‌وه‌ دۆسیه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ كۆتایی بێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە ١٢ی ئازاری ٢٠١٨ سه‌رله‌نوێ سكاڵایان له‌م باره‌یه‌وه‌ تۆمار كرد.

ک.س