یەكشەممە, 1 أبر 2018 – 20:25
ڕۆژنیوز – عەلی و زۆسک
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، بەچڕیی دەستیان بە بۆردوومانکردنی چەند ناوچەیەکی قەندیل و برادۆست کردەوە.
کەمێک پێش ئیستا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانیان بەچڕیی بۆردوومانکردەوە.
ئەو فڕۆکانە، گوندەکانی ئالیە ڕەش، بەستێ و مارادۆ-یان لە شارەدێی ژاراوەی سەر بە شارۆچکەی قەڵادزێ بۆردوومانکرد.
هەروەها، فڕۆکەکانی تورکیا، بۆردوومانی ناوچەکانی خواکوڕک، سەرچەمان، خنێرە، لۆلان، تەوەرتە و بێرتمە-یان لە ناوچەی برادۆست بۆردوومانکرد.
لە بناری قەندیلیش، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، گوندەکانی گەلی بەدران و بۆکریسکان-یان بۆردوومانکرد.
هاوکات، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەسەر ئاسمانی شارۆچکەی قەڵادزێ-دا سووڕانەوە و دەنگی سووڕانەوەی ئەو فڕۆکانە، هاوڵاتیانی شارۆچکەکەی لە ماڵەکانیان هێنایە دەرەوە و ترس و دڵەڕاوکێی لەنێو هاوڵاتیاندا دروستکردووە.
لەلایەکی دیکەشەوە، ژمارەی فڕۆکەی دیکە تورکیا، بەسەر ئاسمانی ناوچەکانی کۆرەژار، مەتینا و زاپ-ی سەر بە بادینان-دا سووڕانەوە.
تاوەکو ئێستا لەبارەی زیانەکانی بۆردوومانەکەی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە، زانیاری بەدەست نەگەیشتوون.
ب.ل