فڕۆکەکانی سوریا کاروانێکی سەربازیی دەوڵەتی تورکیان کردە ئامانج و شەڕێکی سەختە

فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ڕژێمی سوریا کاروانێکی دەوڵەتی تورکیان کردە ئامانج کە بەرەو شارۆچکەی مۆرک لە پێدەشتەکانی حەما دەچوون، لە مۆرک شەڕێکی دژوار لە نێوان چەتەکانی تورک و ڕژێمی سوریا لە ئارادایە.


بەیانی ئەمڕۆ کاروانێکی پێکهاتوو لە حەوت تانک و ئۆتۆمبێلی دەوڵەتی تورک کە بەروە شارۆچکەی مۆرک لە پێدەشتەکانی حەما-ی سوریا دەچوون لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی سوریاوە کراوەتەوە ئامانج.

دەوترێت ئەو کاروانە بۆ پشتیوانی گروپە چەتەکانی سەربە دەوڵەتی تورک ڕەوانە کراون کە لە شارۆچکەی مۆرک ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕژێمی سوریا بوونەتەوە و لە ئێستادا شەڕێکی دژوار بەپشتیوانی ڕوسیا لەو شارۆچکەیەدا لە ئارادایە.

ئەو بۆردوومانە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە ڕژێمی سوریا توانیی دوای پێنج ساڵ شاری خان شێخون لە پارێزگای ئیدلب کۆنترۆڵ بکاتەوە.

هەروەها ئەمڕۆ ئاژانسی فەرمی سوریا "سانا"، لەسەر زاری بەرپرسانی سوریاوە ڕایگەیاند: ده‌ستوه‌ردانی توركیا لە سوریا به‌توندی شەرمەزار‌ ده‌كه‌ین، ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا ئەنجامەکەی له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن".

س.ح