فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا بە ئاسمانی باشوردا دەسوڕێتەوە

فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە ئاسمانی شارەکانی باشوری کوردستاندا دەسوڕێنەوە و دەوترێت، کە عێراق ئەو زانیارییەی پشتڕاستکردووەتەوە.


دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەڕێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لەسەر شاخی گۆیژەی سلێمانی دوو کادیری باڵای کەجەکەی کردە ئامانج، حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوەی لەوبارەیەوە ئەنجامداوە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی ژیان، سەرچاوەیەکی ناو پەکەکە ڕایگەیاندووە، کە حکومەتی عێراق بۆی دەركەتووە، توركیا لە سنووری هەرێمی كوردستان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی نیشان شکێن بەکاردەهێنێت.

سەرچاوەکە ڕاشیگەیاندووە:"بەگوێرەی زانیارییەكانی لیژنەكەی حكومەتی عێراقی، سەرچاوەی هێرشەكان سێ شوێنە، دوو شوێنیان لەناو خاكی هەرێمی كوردستانە، تیایدا فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركی لەنزیك ئامێدی و زاخۆ جێگیركراون".

جەختیشکردووەتەوە،ئەوان هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەو فڕۆكە بیفرۆكەوانانە نییە، کە لە هەرێمەوە دەفڕن.

لە گۆیژە چی ڕوویدا؟

ڕۆژی ١٥/١٠/٢٠١٩ لە شاخی گۆیژەی شاری سلێمانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوو ئەندامی باڵای کەجەکە بەناوەکانی دەمهات عەگید و جەمیل ئامەد کردە مانج و شەهیدی کردن.

دوای ئەوە ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، کە هێرشەکە بە فڕۆکەی دەوڵەتی تورک ئەنجام دراوە، ڕاشیگەیاند، کە ئاسمانی هەرێمی کوردستان لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقدایە و بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسمانی هەرێمی نەگرتبووە ئەستۆ.

کەجەکەش لە ڕاگەیەندراوێکدا داوایکرد، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی ئاسایش لە ماوەیەکی کورتدا ڕووداوەکە ڕوون بکەنەوە و ئەو کەسانە ئاشکرا بکەن، کە هاوکاریی میتی تورک دەکەن، بەڵام هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بەرپرسیاری ڕووداوەکە ڕانەگەیەندراوە.

دوای ڕووداوەکەش چەندین جار فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە ئاسمانی سلێمانیی و شارەکانی دیکەی باشوری کوردستاندا سوڕاوەتەوە و هاوڵاتیان هەستیان پیکردووە.

لەم دواییانەشدا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دووجار بۆردوومانی شەنگالی کرد و لە ئەنجامدا سێ شەڕڤان برینداربوون، هەرچەندە هێزە عێراقییەکان لە شوێنی ڕووداوەکە لێکۆڵینەوەیان ئەنجامدا، بەڵام هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەوبارەیەوە نەداوە،

ش.ف