شەممە, 20 يون 2020 – 12:26 ڕۆژنیوز – سلێمانی
https://youtu.be/AbV0Rt8hi4A”>
ئەمڕۆ فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی پەنابەرانەوە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان لە بەردەم باخی گشتیی شاری سلێمانی ڕێکخست.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، ئامانج عەبدوڵا، بەرپرسی فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقیی، ئاماری ساڵی ٢٠١٩ و پێنج مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد: عێراق پێنجەمین وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان بۆ داواکردنی مافی پەنابەریی.
بەپێی ئامارەکان، تەنها لە ئەمساڵدا ٢١ پەنابەری هەرێمی کوردستان لە دەریای ئیجەدا خنکاون و تا ئێستا تەرمی ١٥ پەنابەریشیان دەرنەهێندراوە، لەبارەی دۆخی کامپی مەخموریشەوە دەڵێن، کە لە ڕێگای ئۆفیسی سەرەکییانەوە لە لەندەن یاداشتێک ئاڕاستەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەن.
هەروەها: لە ساڵی ٢٠١٩دا ١٥ هەزار و ٥٣٢ پەنابەر داوای مافی پەنابەرییان کردووە، تەنها ٧٣٢ پەنابەریان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە مافی پەنابەرییان پێدراوە، هەر هەمان ساڵیش ١٢ هەزار و ٩٧ پەنابەر ڕوویان لە ئەوروپا کردووە.
لەسەر ئاستی جیهانیشدا، ساڵی ٢٠١٩ دوو هەزار و ١١٥ پەنابەر گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیەش ٢١٥ کەسیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن.
لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا، سەرباری ڕێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەزار و ٢٣٩ پەنابەر لە تورکیاوە ڕوویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە.
هەر بەپێی ئامارەکان، تەنها لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٢١ هاوڵاتی هەرێمی کوردستان لە دەریای ئیجەدا خنکاون، تەنها شەش تەرمیان گەڕێندراوەتەوە و ١٥ تەرمیان هێشتا نەدۆزراونەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقیی، لە شەش ساڵی ڕابردوودا ٣١٥ هاوڵاتی هەرێمی کوردستان لە دەریای ئیجەدا خنکاون، لەوانە تەنها ١٦٣ تەرمیان گەڕێندراوەتەوە هەرێمی کوردستان و ١٥١ کەسیشیان تا ئێستا تەرمەکانیان بێسەروشوێنە.
لە وەڵامی پەیامنێری ڕۆژنیوزدا سەبارەت بە گەمارۆی سەر کامپی مەخمور، ئامانج عەبدوڵا، وتی: بەهۆی ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر کامپی مەخمور، گوزەرانی پەنابەرانی کامپەکە زۆر سەخت بووە و ڕێگای چوونەدەرەوەیان نییە، ئەرکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکانە کە کار لەسەر دۆخی ئەو کۆچبەرانە بکەن، وە ئەرکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیشە کاریان لەسەر بکەن، ئێمەش لە ڕێگەی ئۆفیسی سەرەکییمان لە لەندەنەوە هەوڵدەدەین یاداشتێک بدەینە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر دۆخی کامپی مەخمور.
لە کۆتاییشدا پێشانگایەکی فۆتۆگرافیی دەربارەی دۆخی پەنابەران کرایەوە.
ش.ف