فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ژمارەیەک ڕێکخراوی دیکە لە بارەی تۆمەتبارکردنیان بە خراپی پڕۆژە پێشنیازە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەت و دەڵێن پەدەکە و یەنەکە شکستی خۆیان دەخەنە ئەستۆی ڕێکخراوەکان.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ژمارەیەک ڕێکخراوی دیکە لە شاری سلێمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا ئاشکرایان کرد ئەو پڕۆژەیە لە کاتی ئامادەکردنیدا راوێژیان پێنەکراوە و حزبەکان بۆ خۆیان پێشکەشی پەرلەمانیان کردووە.
لە ڕونکردنەوەیەکدا ئەو ریکخراوانە ئاماژەیان بەوەشکرد ئەو پەرلەمانتارانەی واژۆی پڕۆژەکەیان کردووە پێکهاتوون لە پەرلەمانتارانی پەدەکە و یەنەکە لەگەڵ دوو پەرلەمانتاری پێکهاتەکان.
ڕیکخراوەکان ئاماژەیان بەوەشکرد، حیزبەکان خۆیان پڕۆژە یاساکەیان بردۆتە پەرلەمان، بەڵام شکستەکانیان بە ڕێکخراوەکاندا هەڵدەواسن، لە کاتیکدا ڕیکخراوەکان لە کاتی خۆیدا پڕۆژەیان هەبووە بۆ هەموارکردنی یاساکەی پێشتر لەبەر ئەوەی لە ناو دادگاکاندا کێشەی دروست کردووە.
ئەوان نیگەرانی خۆیان بەرامبەر ئەو حزبانە دەر بڕی کە پڕۆژەکەیان ئاراستەی پەرلەمان کردووە و دەڵێن: ئەو حزبانەی لە پشت پێشکەشکردنی پێشنیازە یاساکەوەن، بە چەندین شێوازی جۆراوجۆر، دەستی تۆمەت بۆ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی درێژ دەکەن، بەوەی کە ئەوان لە پشت ئەو یاسایەوەبن، ئەمەش ناحەقیەکی گەورەیە، ئەمە ئیشی یەکەم جاریان نیە، بەردەوام شکستەکانی خۆیان، بە ڕێکخروەکاندا هەڵدەواسن.
ها-ع