فیدراسیۆن زیندانیانی سیاسی ئیدانەی ڕەشبگیرییەکەی سلێمانی دەکات

فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان، ئیدانەی ڕەشبگیرییەکەی سلێمانی دەکات و دەڵێت: دەستگیرکردنی چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی شاری سلێمانی بەتوندی ئیدانە و مەحکوم دەکەین و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم گیراوان دەکەین.


ئێوارەی ئەمڕۆ دوای ئەوەی بەمەبەستی نمایشكردنی فیلمی شەهید ساكینە جانسز كۆمەڵێك هاوڵاتی و نوێنەری لایەنە سیاسیی و ڕێكخراوەكان چونە سەكۆی ئازادی لە پاركی ئازادی شاری سلێمانی، ئاسایشی شارەكە ڕێگریی كردوو ٥٢ كەسی دەستگیركرد، كەتێیاندا بەڕێوەبەرانی تەڤگەریی ئازادیی و بەرەی دیموكراسی گەل هەن و زۆرینەی دەستگیراوانیش ژن بوون.

بۆ ئیدانەکردنی ئەو ڕەشبگیرییەی ئاسایشی سلێمانی لە پارکی ئازادی ئەنجامیدا، فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێن: فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان شاڵاوی دەستگیرکردنی چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی شاری سلێمانی بەتوندی ئیدانە و مەحکوم دەکەین و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم گیراوان دەکەین.

 هەروەها دەڵێن: شاڵاوی ڕەشبگیرییەکانی زۆنی سەوز، کە سەرەتا بە داخستنی نوسینگە و بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی و دەستگیرکردنی چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان لەسەر داوای تورکیا دەستیپێکرد، دوای سەردانەکەی دکتۆر بەرهەم ساڵح بۆ تورکیا ئەمڕۆش شاڵاوێکی دیکەی دەستگیرکردن لەسەر داوای تورکیا جێبەجکرا.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لەپێناو دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تورکیا و فڕۆکەخانەی سلێمانی هێزە ئەمنییەکانی زۆنی سەوز ئەجیندای داگیرکەران جێبەجێدەکەن، ئەوەش پێچەوانەی ئازادیی ڕادەربڕین و مافەکانی مرۆڤە تەنانەت پێچەوانەی ڕێبازی حزبێکە، کە خۆی بە سۆسیال دیموکرات هەژمار دەکات.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: فیدراسیۆن داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و هەرێمی کوردستان دەکات لەپێناو ئازادکردنی سەرجەم گیراوان و کۆتاییهێنان بەو ڕەشبگیرییەی زۆنی سەوز خاوەن هەڵوێستبن.

د.ع