لەچوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، لەشاری سلێمانی فێستیڤاڵی فیلم و سپۆتی ڕێکخراوەکانی ژنان سازکرا و تێیدا نۆ سپۆت و کورتەفیلم لەسەر پەروەردە و توندوتیژیی خێزانی و ڕەگەزیی نمایشکرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ بەدەستپێشخەری، گروپی کاری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی، لەچوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، لەسینەما سالم لەشاری سلێمانی فێستیڤاڵی فیلم و سپۆتی ڕێکخراوەکانی ژنان لە شاری سلێمانی بە ڕێوەچوو.
لە فێستیڤاڵەکەدا نۆ سپۆت و کورتە فیلم لە ناو هۆڵی سینەما سالم نمایش کران، کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنانەوە بەرهەمهێنرابوو، لەبارەی پەروەردەکردنی منداڵ لەناو خێزاندا، ژنانی ڕزگاربووی دەستی داعش، توندوتیژییەکان لە کاتی کەرەنتینە و کۆرۆنادا، توندوتیژییەکان لەسەر ژنان، بەشوودانی منداڵ و کەمپەینی ناوی من ناوی دایکمە.
دواتر لەلایەن سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەکە و نوێنەری ئەو ڕێکخراوانەی کە فیلم و سپۆتەکانیان نماشکران، ئامانجی کارەکانیان بۆ ئامادەبوان خستەڕوو، دواتر لەلایەن سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەکەوە خەڵاتکران.
لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا بەهار مونزر، چالاکوانی بواری ژنان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی ئامانجی فێستیڤاڵەکەیان وتی: هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئاشناکردنی کۆمەڵگا بەم پرسانە و هۆشیارکردنەوەیان لە مامەڵەکردن لەم بارەیەوە، کە چۆن بتوانین بوەستینەوە لەبەرامبەر ئەم توندوتیژییانە، هەروەها بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی کە پەراوێزخراون بتوانن دەستیان بگەیەنن بە ڕێکخراوەکان.
د.ع