فەرمانبەرانی هەرێم: کەوتووینەتە دۆخێکی خراپی دەرونییەوە

بەهۆی نەبوونی متمانە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرەڕای زیادبوونی داهاتی هەرێم و پەسەندکردنی بودجەی عێراق، بەڵام هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ هەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچە نیە، فەرمانبەرانی هەرێمیش دەڵێن: لە دۆخێکی خراپی دەرونیداین و پێویستە حکومەتی هەرێم پاشەکەوتی مووچە هەڵبگرێت، چونکە هیچ پاساوێک بۆ درێژەدان بە پەیڕەوی پاشەکەوت نەماوە.


چوار ساڵە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، بڕیاری پاشەکەوتی مووچەی بەسەر فەرمانبەراندا سەپاندوە، تائێستاش دیار نییە لەو ماوە کەمەی تەمەنی حکومەت، کە ماویەتی دەتوانێت بڕیاری لابردنی پاشەکەوتی موچە بدات یان نا، ئەمەش وای لە فەرمانبەران کردوە بکەونە دۆخێکی خراپی دەرونییەوە، لەوبارەیەوە فەرمابەران بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن .

سەعید عەبدوڵا، فەرمانبەرێکی وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێم کوردستانە بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کەوتووینەتە بارێکی دەروونیی خراپ، چونکە لەگەڵ ئەوەی بەپێی بودجە حکومەتی عێراق پارەی تەواو بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بەڵام هیچ ڕوون و ئاشکرا نییە بەلامانەوە، کە ئایا پاشەکەوتی موچە دەمێنێت یان نا؟ بۆ ئەوەش هیچ قسەیەکی یەکلاکەرەوە نییە. 

وتیشی: ئێستا حکومەتی عێراق بودجە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت و نرخی نەوتیش بەرزبۆتەوە، داهاتیشی زیاترە، بەڵام خۆیان پێ یەکلایی ناکرێتەوە، کە ئایا پاشەکەوتی موچە دەمێنێت یان نا، ئەوەی هەیە ئێمە لە حاڵێکی دەروونی ناجێگیرداین بەهۆی بوونی پاشەکەوتی موچە.

وتەی ئەو هاوڵاتیە لەکاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی بۆ ساڵی ٢٠١٩ پەسەندکرد و بەپێی پرۆژەکەش، پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، کە بەقسەی ئابووریناسانی هەولێر دەتوانرێت بەو بڕە پارەیەی لەبەغداوە دێت، چارەسەری کێشەی موچە بکات‌ و پاشەکەوت هەڵبگرێت.

هەر لەسەر ئەو پرسە ڕیاز سوبحی، یەکێکی دیکە لە فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم دەڵێت: داواکارین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پاشەکەوتی موچە نەمێنێت "پێشتر هۆکارێک هەبووئەویش قەیرانی دارایی بوو، بەڵام ئێستا هیچ هۆکارێک نەماوە، بۆ ئەوەی پاشەکەوت بمێنێ، خوازیارین ئەو پاشکەوتە نەمێنێت و ڕەوشی فەرمانبەرانیش باشتر بێت".

حکومەتی هەرێم، لە ساڵی ٢٠١٤وە و بە بیانووی قەیرانی دارایی، پاشەکەوت لە مووچەی مانگانەی فەرمانبەران دەکات، ئەوەش بارگرانییەکی زۆری لەسەر فەرمانبەران دروستکردووە و ڕۆژانە هەر فەرمانبەرێک بدوێنیت، ئەو پرسیارە دەکات، کەی پاشەکەوتی موچە نامێنێت و کێ لایدەبات؟


ک.ک