فەرمانبەرانی گرێبەست گردبونەوە و داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن

فەرمانبەرانی گرێبەست لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین گردبونەوە و داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن.


سەر لە بەیانی ئەمڕۆ فەرمانبەرانی گرێبەست لە بەردەم ئیدارەی ڕاپەڕین لە شارۆچکەی ڕانیەی سنوری پارێزگای سلێمانی گردبوونەوە و داوای دامەزراندنی هەمیشەییان کرد.

لە گردبوونەوەکەدا هەردی عومەر بە نوێنەرایەتی فەرمانبەران یاداشتنامەیەکی خوێندەوە کە تێیدا هاتووە: "ئێمەی فەرمانبەرانی گرێبەست ساڵانێکی  زۆرە دڵسۆزانە لە دامودەزگاکانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین خزمەت دەکەین بێ دابڕان، وەک ئاگادارن لە کاتی سەرهەڵدانی  قەیرانی دارایدا زۆرترین ڕێژەی پاشەکەوت بەر ئێمەی گرێبەست کەوت، بەڕێژەی ٥٠٪ لە کاتێکدا ئێمە گرێبەستی کاتی بووین، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر دامەزراندنی سەرجەم  مامۆستایانی گرێبەست،  لەکاتێکدا خزمەتی گرێبەستی ئێمەی فەرمانبەران زۆر زیاترە لە لەئەوان".

لە درێژەی یاداشتەکەدا کە ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەرلەمان، وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕینیان کردووە هاتبوو: "لەو ڕووانگەیەوە داواتان  لێدەکەین جیاکاری نەکرێت لە دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست و  سەرجەممان بکرێینە فەرمانبەری هەمیشەیی".

فەرمانبەران ڕاشیدەگەیەنن تا داواکاریەکانمان جێبەجێ نەکرێن لە گردبوونەوەی یاسایی و مەدەنیانەی خۆمان بەردەوام دەبین.

دواتر هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین بەدەم داواکاری فەرمانبەرانەوە هات و یاداشتەکەی وەرگرت و بەڵێنی پێدان داواکاری فەرمانبەرانی گرێبەست بگەینێتە ئەنجوومەنی وەزیران.

ک.س