ئەندامێکی فەرماندەیی گشتیی ئاسایشی ئێزدیخان ڕایدەگەیەنێت، بەرخۆدان و هەڵوێستی ئێزدییەکان هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورک و تەنانەت ڕێککەوتنی هەولێر و بەغداشی دژی شەنگال پووچەڵکردووەتەوە، هاوکات چەند نهێنییەکیش لەبارەی هاوکاریی پەدەکە بۆ داعش و ڕێگرییکردن لە قاسم شەشۆ بۆ شەڕکردن دژی داعش ئاشکرادەکات.
ئەبو شادی، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ئێزیدخان لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ئەنجومەنی گەلی شەنگال ڕایگەیاند: زۆر جار ئەم جۆرە هێرشە وەحشیگەرییانە بۆ سەر گەلەکەمان ئەنجام دراوە، هێرشەکە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ٩ی ئۆکتۆبەردا ڕوویداوە، لەدوای ئەو ڕێککەوتنەوە چەندین قۆناغ تێپەڕیوە، هەوڵی تیرۆریستی دراوە و گەلەکەمان چاوەڕێی ئەوە نەدەکرد، بەڵام دوژمن کردی، دەیان هێرش بووەتە هۆی ئەوەی گەلەکەمان ببێتە قوربانیی.
دەشڵێت: ئێمە دەزانین کە ئەم هێرشانە بۆ ئەوەیە خۆمان بەدەستەوە بدەین، هێرشەکانیش بەهەماهەنگیی میت و پاراستن ئەنجامدەدرێن، هەندێک لە خۆفرۆشانیش بەشدارن، ئێمە ئەوان دەناسین و ئەوانیش خۆیان دەناسن، هەمووان دەزانن کە میت و پاراستن بەیەکەوە کاردەکەن.
ئاماژە بەوەش دەکات، کە میت و پاراستن هەموو هەوڵێکیان ئەوەبووە ئەو هێرشانە ئەنجامبدەن و وتی: بەڵام تا ئەمڕۆ بەرخۆدان و هەڵوێستی گەلەکەمان هەم ڕێککەوتنی ٩ی ئۆکتۆبەر و هەم هێرشەکانی سەر گەلەکەمانبی پووچەڵ کردووەتەوە، هیوادارین ئەم هەڵوێستەی گەلەکەمان هێندەی تر بەهێز بێت و ئێمەش تا کۆتایی لە هەموو ڕوویەکەوە لە پشت گەلەکەمان دەبین.
ئەو ئەندامەی فەرماندەیی گشتیی ئاسایشی ئێزدیخان ئاشکراشی دەکات، کە پەدەکە ڕێگەی نەداوە قاسم شەشۆ شەڕی داعش بکات و وتی: لەبیرمە ساڵی ٢٠١٥ مانگی ئەیلول بوو، ئێمە لەگەڵ حەیدەر شەشۆ فەرماندەییەکی هاوبەشمان دامەزراند، تا ئێستا کەس ئەمەی نەبیستووە، بەڵام ئەو فەرماندەییە چۆن هەڵوەشایەوە؟ کاتێک ئێمە ویستمان ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لە دژی چەتەکانی داعش دەستپێبکەین، پەدەکە دەستوەردانی کرد و بە قاسم شەشۆی وت؛ تۆ پیاوی ئێمەیت، ئێمە پارەت پێ دەدەین، شەڕی داعش ناکەیت و لەگەڵ ئەوانەشدا دانووستان ناکەی.
دەشڵێت: ئێمە هێزمان هەبوو شەڕی داعش بکەین و لە سنووری شەنگال وەدەریان بنێین، بەڵام کاتێک دەمانویست ئۆپەراسیۆنێک لە دژی داعش دەستپێبکەین، ئەوان و هاوپەیمانەکانیان ڕێگرییان دەکرد و کێشەیان بۆ دروست دەکردین، ئێمە بەڵگەمان لەبەردەستە کە پەدەکە بە فەرمیی یارمەتی داعشی داوە.
ئەوەش دەخاتەڕوو، کە “بەڵگە هەیە پەدەکە هاوکاریی ماددیی پێشکەش بە داعش کردووە، ئێستاش پێنج هەزار داعش و فەرماندە و ئەندامەکانیان لە هەولێر و دهۆکن، بەڵام ئێزدییەکان ئێستا دیلن”.
ب.ل