فەرماندەیەکی پیشمەرگە بەڵگە لە سەر ڕاکردنی پەدەکە بڵاو دەکاتەوە و وەڵامی هەڵەمەتەکەیان لەسەر شەنگال دەداتەوە و دەڵێت لەگەڵ هاتنی خەڵکی شەنگال هێزەکانی پەدەکە ڕایانکرد و تەنها پێشمەرگەی یەنەکە و یەپەگە مانەوە و بەرگریان کرد.
دوای ئەوەی لقی ١٧ی پەدەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیادا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەوان بەرگریان لە شەنگال کردووە قادر خۆرانی فەرماندەی سەربازی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیدا باس لە هەڵهاتنی پیشمەرگەکانی پەدەکە دەکات لە ناوچەکە.
لە نوسینەکەیدا کە لەگەڵ گرتەیەکی ڤیدیۆیدا بڵاویکردووەتەوە و نوسیویەتی ڤیدیۆی زۆری حاشا هەڵنەگری لەلایە کە دەیسەلمێنێ ھێزەکانی پەدەکە بەرگریان نەکردوە.
ئەو فەرماندە سەربازیە کە لەو کاتەدا لە چوار ڕیانی ( ڕەبیعە و شەنگال و عوێنات و دھۆک) بووە ئاشکرای دەکات کە دەبوو هاوڵاتیانی ئێزدی بچنە ئەو شێنەی ئەوانی لێبووە و دەشڵێت “سەرەتای گەیشتنی ئاپۆرای خەڵک ھێزەکانی پارتی پاشەکشێیان کرد ناچار لە پێناوی پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل و تەسلیم نەکردنی گەل و خاکی خۆمان بە تیرۆرستانی داعش بڕیاری بەرگریماندا و بە تەلەفۆن داوام لە ھێزەکانی ( YPG ) کرد بێن یارمەتیمان بدەن بە سوپاسەوە داواکاریەکەیان قەبوڵ کردم “.
ڤیدیۆکە لەلایەن کوڕی ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگەوە تۆمارکراوە و لەگەڵیدا خۆرانی وتویەتی “لەو ڕۆژەدا چوار پێشمەرگەی ئێمە بریندار و دوو ھەڤاڵی ( YPG ) شەھیدبوون کە کوڕو باوکێک بوون خەڵکی شارۆچکەی (دێرک) بوون”.
لە نوسینەکەیدا قادر خۆرانی دەپرسێت: ئەگەر بەرگری کرایە لە کوێی سنوری شنگال بەرگریان کرد؟ ئەگەر بەرگری کرایە لەو سنورە کە لە شنگال تا دەگاتە سحێلا ( ١٢٠ ) کیلۆمەتر زیاترە چەند شەھید و برینداریان ھەیە؟ ئایا بە بێ فەرمان ڕایانکردو شەڕیان نەکرد ئەگەر وایە چەند فەرماندە سزادراون تا ئێستا؟.
ها-غ