فەرماندەیەکی یەبەشە ڕایدەگەیەنێت، کە خەڵکی شەنگال دەتوانن بەبێ ترس کارەکانی خۆیان بکەن، دەشڵێت: نەک تەنها بەرامبەر داعش، بەڵکو بەرامبەر هەموو هێرشەکان ئامادەکارییمان کردووە و لەئەگەری هەر هێرشێکدا ئامادەین گەلەکەمان بپارێزین.
چەکۆ شەنگالی، یەکێک لە فەرماندەکانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال-یەبەشە لەمیانی بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز، تیشکی خستەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال و وتی: لەسەرەتاوە ئامانجی دووژمن لەناوبردنی پێشەنگانی ئێزدیی بوو، بەڵام لە بەئامانجگرتنی هەڤاڵ سەعید حەسەن و هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەی سکێن و هەروەها شەهیدکردنی هەڤاڵ مەروان، شێوازی هێرشەکانی خۆی لەسەر شەنگال گۆڕی، ئامانجەکەش ئەوەیە ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنێت، بەڵام دەبێت هەموو کەسێک بزانێت ئەو بەڵێنەی گەلەکەمان داویەتی بەجێی دەهێنێت.
دەشڵێت: لای ئێمە هیچ جیاوازییەک لەنێوان داعش و دەوڵەتی تورکدا نییە، ئەو هەڤاڵانەمان کە بوونەتە ئامانجی دەوڵەتی تورک، سەرپەرشتیی بەرەنگاربوونەوەی داعشیان کردووە، دەوڵەتی تورک داعشی بەخێوکرد و ناردی بۆ ئێزدییەکان.
ئەو فەرماندەیەی یەبەشە تیشکی خستەسەر ڕۆڵی پەدەکە لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا بۆ شەنگال و وتی: پەدەکە ڕۆڵی لەو هێرشانەدا هەیە، میت و پاراستنی پەدەکە پێکەوە کاردەکەن و لەڕێگەی ئەوانە ئەم هێرشانە دەکرێتە سەر شەنگال، هەندێک کەس هەن لە پاراستدا بازرگانیی بەخوێنی گەلەکەی خۆیانەوە دەکەن و لەڕێگەی ئەوانەوە هێرش دەکەن، بەڵام با ئەو کەسانە بزانن، ئەگەر دەوڵەتی تورک سبەینێ کاری بەو کەسانە نەمێنێت، ئەوا ئەوانیش لەناودەبات.
ئاشکراشی کرد، کە میت و پاراستن لەڕێگەی تەلەفۆنەوە هەڕەشە لە گەنجانی ئێزدیی دەکەن بۆ ئەوەی کاریان لەگەڵ بکەن و وتی: میت و پاراستن بۆ ئەوەی زانیاریی لەبارەی پێشەنگانی ئێزدییەوە کۆبکەنەوە، لەڕێگەی تەلەفۆنەوە هەڕەشە لە گەنجانی شەنگال دەکەن بۆ ئەوەی کاریان لەگەڵ بکەن، ئەوانەی دەبنە هاوکاری دوژمن، دەبێت دەست لەو کارە چەپەڵەیان بەربدەن.
ئەو فەرماندەیەی یەبەشە داواشی لە خەڵکی شەنگال کرد، کە دژی هێرش و خیانەت و هەڕەشەکان هەستنە سەرپێی و کار بۆ بەرجەستەکردنی شەنگالێکی ئازاد و دیموکرات بکەن، وتیشی: ئەگەر ئێمە خۆمان هەوڵ بۆخۆمان نەدەین، کەس کار بۆ ئایندەمان ناکات، بۆیە داوا لە تەواوی کچان و کوڕانمان دەکەین، با دوژمن قبووڵ نەکەن، وەرن با پێکەوە شەنگال دابمەزرێنین، ئەم هێرشانەی دژی یەبەشە و یەژەشە دەکرێن، بۆ لەناوبردنی ئایندەی کچان و کوڕانی شەنگال دەکرێن.
ب.ل