فەرمانگەی نەهێشتنی نەخوێندەواری: ٢٥٪ی خەڵكی كەركوك نەخوێندەوارن

لە شاری كەركوك، ڕێژەی نەخوێندەواری لە ٢٥٪ کە ژمارەیان نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەسە نەخوێندەوارن، فەرمانگەی نەهێشتنی نەخوێندەواریش ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی حەوت ساڵدا توانراوە نزیكەی ١٠٠ هەزار كەس لە نەخوێندەواری ڕزگار بكەن و فێری خوێندەوارییان بکەن.


لە شاری كەركوك، ڕێژەی نەخوێندەواری لە ئاستێکی بەرزدایە و زیاتر لە ١٠ ناوەند و خوێندنگا هەیە بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری، كە ماوەی حەوت ساڵە كار دەكەن بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری، ناوەندەكان بە خوێندنی ئێواران سەرجەم ئەو كەسانە وەردەگرن كە نەخوێندەوارن بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و تەمەن.

بنکەی دڵدار، بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری لە شارەكە، یەکێکە لەو ناوەندانەی ماوەی حەوت ساڵە كار لەسەر نەهێشتینی نەخوێندەواری دەکات، جگە لە كاركردن لە ڕووی سیستەمی پەروەردەیی بۆ نەهێشتنی نەخوێدەواری لە بنکەکە خولی جۆراروجۆر بۆ كچان، ژنان و كوڕان دەكرێنەوە تا ئەوەی لە كۆمەڵگا خاوەن ڕۆڵ و كاری خۆیان بن.

سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن کە سەر بە فەرمانگەی نەهێشتنی نەخوێندەوارین و ڕاستەوخۆ لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی پەروەدەی كەركوكەوە سەرپەرشتی دەكرێن.

سەمیرە محەمەد، یەكێك لەو فێرخوازانەی بنکەی دڵدارە، دەباری گرنگی هەبوونی ناوەندەكانی نەهێشتنی نەخوێنەدەواری بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: "سوپاسی لایەنی پەوەندەیدار دەكەین بۆ كردنەوەی بنکەی دڵدار كە سودێكی زۆری بە ئێمە گەیاندووە، چەندین خولی بۆ كردوینەتەوە كە خۆی لە فێربوونی زمانی كوردی، سیتەمی خوێندن، نەخوێدەواری و چەندین خولی تر، ئێمە سەرەتا كە هاتنیە ئەم ناوەندە نەخوێندەوار بووین كە پێشتر بە هۆكاری جۆراروجۆر نەمانتوانیوە بچینە بەرخوێندن، ئێستا ئێمە خوێندەوارین ئەوە هەستێكی زۆر جوان و خۆشمان پێدەبەخشێت كە ئێمەش هاوشێوەی كۆمەڵگا دەژین، بەڵام پێشتر هەستمان ئەكرد كە جیاوازیەكی زۆرمان هەیە لەگەڵ كۆمەڵگا".

دەشڵێت:"ئێمە لەماڵەوە بووین تەنها كاری ماڵەوەمان دەكرد، ئێستا لێرە دەخوێنین، فێری كاری بەرگدروویی دەبین و كۆمپیتەریش وانەكانی دەخوێنین، بەڵام گرنگە كە حكومەت پێداویستەكان بە تەواوی دابین بكات، بەڵام بەگشتی ئێستا ئێمە لە ڕووی دەرونیی ئاسودەین و هەست بەبوونی خۆمان دەكەین، چونكە لە كۆمەڵگای ئەمڕۆدا نەخوێدەواری بە واتای كوێری دێت".

بەپێیی سیستەمی فەرمانگەی نەهێشتنی خوێندەواری كە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی پەروەدەی عێراقەوە دانراوە، فێرخواز دەتوانێت لە ماوەی ساڵیكدا دوو پۆل تەواو بكات، واتا لە ماوەی یەك ساڵی خوێندن دوو پۆل دەبڕیت و لە ماوەی سێ ساڵدا دەتوانرێت خوێندنی سەرەتایی تەواو بكات، پێچەوانەی خوێندنی ئاسایی كە خوێندكار لە ماوەی شەش ساڵدا دەتوانێت بەشی سەرەتای خوێندن تەواو بكات.

خەندە نەجمەدین، كە دەرچووی پەیمانگاکەیە، هاتووەتە بنکەکە بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی و خولی فێربوونی دروومان، بۆ ڕۆژنیوز، وتی: "لە كۆمەڵگای ئێمە و كەركوك بە تایبەت ژنان و كچان لە دۆخێكی سەختدان و ڕێگە نادەرێت بە ئارەزووی خۆی كارێك بكات، ئێستا من لەم ناوەندەم بۆ ئەوەی فێری دورمانبم و بتوانم سەربەستانە كارێك بۆ خۆم بكەم، ئەمە بۆ كۆمەڵگای ئێمە زۆر گرنگە، بۆیە كردنەوەی وەها ناوەندێك گرنگی زۆری بۆ كۆمەڵگا دەبێت".

مامۆستا ئارەزوو شاپور، بەڕێوەبەری ناوەندی دڵدار، بۆ نەهێشتنی نەخوێنەدەواری لەو بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز وتی: "بنکەی دڵدار بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری لە ساڵی ٢٠١٢ەوە دامەزراوە، لە ماوەی چەندین ساڵدا توانیمان چەندین كەس لە نەخوێندەوارییەوە بكەین بە خوێندەوار، بنكەكە یەكێكە لە بنكە ئاست بەرزەكانی سەر كەركوك كە توانیومانە چەندین كەس فێری نوسین و خوێندەواری بكەین، سەرەتا لە بنكەكە تەنها وانە دەوترایەوە بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری، بەڵام ئێستا خولی جۆراوجۆر لە بنكە دەكرێتەوە لەوانە فێربوونی كۆمپیتەر، خولی دورمان، ئارایشگا و چەندین خولی تر".

ئاشكرایشكرد: "ئەو كەسانەی لای ئێمە توانیان خوێندنی سەرەتای تەواو بكەن دواتر چوونەتە بەر خوێندن لەسەر ئاستی ناوەندی و سەرەتایی، بەپێی ئەو ئامارانەی كە لە فەرمانگەی نەهێشتنی نەخوێندەواری وەرمانگرتووە لە ٢٥٪ی خەڵكی كەركوك نەخوێندوارن واتا لە كۆی گشتی دانشتوانی كەركوك ٣٥٠ بۆ ٤٠٠ هەزار كەس لە كەركوك نەخوێندەوارن، بەڵام خۆشەبەختانە بنكەكانی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە كەركوك توانیویەتی نزیكەی ١٠٠ هەزار كەس لە نەخوێندەواری ڕزگار بکات".

ک.س