قوباد تاڵەبانی: بڕیارەکەی ترامپ بۆتە هۆی کوشتار و دەربەدەری کورد و زاڵبوونی تیرۆر

لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ئاشتی و سەقامگیری، قوباد تاڵەبانی وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا: بڕیارەکەی ترامپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا، بۆتە هۆی کوشتار و دەربەدەری و ستەمکاری لەسەر کوردانی ڕۆژئاوا و زاڵبوونی هێزە تیرۆرستی و نا دیموکراسیەکانی ناوچەکە.


ئەمڕۆ لە شاری هەولێر، لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی"هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، هاوبەشیکردن بۆ ئاشتی و سەقامگیری"، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە بڕیاری كشاندنەوەی سوپای ئەمەریكا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بارودۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان، پەیامێکی ئاراستەی نوێنەرانی ئەمریکا و دۆناڵد ترامپ كرد.

لەسەرەتای وتارەکەیدا قوباد تاڵەبانی ڕووی کردە، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا و نوێنەری کونسوڵی ئەمریکا و کونسوڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر و هەموو میوانە ئەمریکییەکان و وتی: هیوادارم تا لێرەن گوێ لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێی گەلی کورد بگرن لەم ساتە ناخۆشەدا و کە گەڕانەوە ژانی گەلەکەمان ببەنەوە لەگەڵ خۆیان بۆ سەرکردەی سیاسی وڵاتەکەیان و پێی بڵێن کە کورد جارێکیتر زوڵمی لێدەکرێت.

وتیشی: پەیامی کوردان بگەیەنن بە سەرۆکی ئەمریکا، کە لە دوای بڕیارەکەی بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کورد دووچاری کوشتار و ستەمکاری و دەربەدەری و ئازارێکی زۆر بۆتەوە بەتایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان، خەڵک زێدی خۆیان بەجێدەهێڵن، هەروەها لەسایەی ئەو بڕیارەوە هێزە تیرۆرستی و نا دیموکراسییەکان و ئەو هێزانەی کە دژی ئەمریکان ئەمڕۆ زۆر بەهێزترن لەچاو دوێنێ.

تاڵەبانی ڕۆڵی ئەمریکای لە کۆتاییهێنان بەشەڕ لەسوریا بەکاریگەر ناوبردو وتی: چاوەڕێین ئەمریکا هاوکارمان بێت و ڕۆڵی کاریگەرببینێت لە کۆتاییهێنان بەشەڕە نەخوازراوەی سوریا و لە بردنی سوریا بەرەو کەناری ئارامی و کۆتایی هێنان بە دەستتێوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆیی سوریادا.

لە کۆتایی وتارەکەیدا تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد"سەرباری ئەو ئازار و ناخۆشییانەی کە ڕووی لەگەلەکەمان کردووە پشتیوانی و سۆزێکی گەورەش هەیە لە تەواوی ئەوروپا بەرامبەر کورد، وە ئێمە دەزانین، ئەم بڕیارە ڕەئی گەلی ئەمریکا نییە و بەشێکی حکومەتی ئەمریکاش لەگەڵ ئەوەنییە کە ئەمڕۆ دەگوزەرێت لە سوریادا و تەنانەت سوپای ئەمریکاش نیگەرانن و دەزانن کە هاوپەیمانێکی خۆیان بەجێهێشتووە لە ساتێکی دژواردا".

ب.ش