قوباد تاڵەبانی بەدواداچوون بۆ کەیسی منداڵە ٧ ساڵانەکە دەکات

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەدواداچوون بۆ کەیسی دەستدرێژی کردنە‌سە‌ر کچە تەمەن ٧ ساڵانەکەی ھە‌ولێر دەکات و دەڵێت، کە لەلایەن پارێزگاریی هەولێر و لایەنە پەیوەدنیدارەکانەوە دڵنیاکراوەتەوە کە رێکاری یاسایی پێویست گیراوەتەبەر، دەشڵێت: هیچ نەرمی نواندن و چاوپۆشیکردنێک بەرامبەر تێوەگلاوانی ئەم تاوانە قێزەونە قبوڵناکرێت.


لە ڕاگەیەندراوێکدا، سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کردووە، کە قوباد تاڵەبانی، بەدواداچوونی بۆ کەیسی دەستدرێژی کردنە سەر منداڵە ٧ ساڵانەکی شاری هەولێر کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی سەمیر هەورامیدا هاتووە: سەبارەت بە تاوانی قێزەونی دەستدرێژی کردنەسەر کچێکی تەمەن ٧ ساڵان کە ویژدانی هەموومانی بریندارکرد، بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران بەدواداچوونی بۆ دۆسیەکە کردووە و لەلایەن بەڕێز پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەوە دڵنیا کراوەتەوە کە رێکاری یاسایی پێویست گیراوەتەبەر.

لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە: تائێستا تاوانبارێک گیراوە و چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەکات و لێکۆڵینەوەش لەگەڵ چەند گومانلێکراوێکی دیکە لە دۆسیەکەدا بەردەوامە، هاوڵاتیانیش دڵنیا دەکەینەوە، کە هیچ نەرمی نواندن و چاوپۆشیکردنێک بەرامبەر تێوەگلاوانی ئەم تاوانە قێزەونە کە لە نیسانی ساڵی ٢٠١٩دا ڕوویداوە‌ قبوڵ ناکرێت.

لەمانگی ٤ی ساڵی ٢٠١٩دا باوکێک ڕایگەیاند، کە دەستدرێژی کراوەتە سەر کچە ٧ ساڵانەکەی، دواتر لەسەر ئەو کەیسە چەند کەسێک دەستگیرکران، پێش چەند ڕۆژێک، باوکەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لەشاری هەولێر ڕایگەیاند، کە ئەو تۆمەتبارانی لەسەر کەیسی کچەکەی دەستگیرکراون دادگا ئازادی کردوون و هەڕەشەی لێدەکەن.

د.ع