قوباد تاڵەبانی، ڕەخنە لە یاسای بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دەگرێت و دەڵێت، کە پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە، دەشڵێت، لەگەڵ ئەوەشدا دادگا و دادوەران بەهۆی فشارەكانی سەریانەوە زۆرجار نەیانتوانیوە یاساكان وەك خۆی جێبەجێ بكەن.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشدارییکردنی لە کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاریی یاسایی بە ناونیشانی”پرسی ژنان و ئاستەنگەکانی جێبەجێکردن لە یاساکاندا”، کە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، ڕەخنەی لە دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستان گرت.
قوباد تاڵەبانی، وتی: هەرێمی كوردستان لەڕووی یاساكانی گرنگیدان بەمەسەلەی ژن بەرەوپێش چووە، بەڵام لەڕووی واقعیەوە ئەوە هەستی پێ ناكرێت و زۆر لەدواوەین.
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، نەیشاردەوە، دادگا و دادوەران بەهۆی فشارەكانی سەریانەوە زۆرجار نەیانتوانیوە یاساكان وەك خۆی جێبەجێ بكەن، وتیشی: خراپی مامەڵەی یاسایی لەكەیسی ژناندا وایكردووە سوڵحی عەشایەری بۆ كەیسی ژنان بكرێت و زۆرجار ژنان بوونەتە قوربانیی.
هەروەها، ڕەخنەی لە پۆلیس و فەرمانبەرانی دادگاکان گرت، کە باش ڕانەهێندراون، بۆیە مامەڵەی ناتەندورست لەگەڵ کەیسەکاندا دەکەن، “ئەمەش وایكردووە زۆرجار كەسی سكاڵاكار پەشیمان ببێتەوە لەوەی كە سكاڵای كردووە” ئاماژەی بەوەشدا، كەیسی ژنان لەلایەن دادگاكانەوە بایەخی پێ نادرێت و لێكۆڵینەوەكان بەخاویی بەڕێوەدەچن.
تاڵەبانی باسی لەوەش کرد، کە لەڕووی یاسایی و پەروەردە و ڕۆشنبیریی گشتییەوە دەتوانن ڕێگریی بكەن لەزیادبوونی توندوتیژیی، ئەگەرچی لە سەرەتادا وتی، کە لەڕووی یاساوە پێشکەوتن لە مەسەلەکانی ژناندا هەیە، بەڵام ڕەخنەشی لە یاساکان گرت و وتی: یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی و یاسای باری كەسی لەهەرێمی كوردستان لاوازیی و كەموكورتی زۆریان تێدایە و پێویستیان بەهەمواركردنەوە هەیە.
لەكۆتایشدا وتی،لەپێناوی كۆمەڵگایەكی تەندروست دەبێت دادوەران خۆڕاگربن و نابێت بڕیاری كەسی لەكەیسەكان بدەن، بەڵكو دەبێت بەپێی یاساكان مامەڵە بكەن و بڕیار لەكەیسی تۆمەتباران و سكاڵاكاران بدەن، داواشی كرد، داواكاری گشتیی ڕۆڵ بگێڕێت لە جبەجێكردنی یاساكاندا.
ش.ف