قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و تەندروستی سەردانی گەرمیانی کرد

قوباد تاڵەبانی لە سەردانێکیدا بۆ گەرمیان پرسەی شەهیدانی هێرشەکەی کوڵەجۆی بەسەرکردەوەو سەبارەت بە خراپی دۆخی ئەمنی و لاوازی کەرتی تەندروستی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و حکومەتی خۆجێی کۆبوونەوەی ئەنجامدا.


ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی سنوری ئیدارەی گەرمییانی کرد و سەرەتا پرسەی شەهیدانی هێرشەکەی کوڵەجۆی بەسەرکردەوە و دواتریش سەبارەت بە خراپی دۆخی ئەمنی ناوچەکە و لاوازی و کێشەکانی کەرتی تەندروستی لە گەرمیان، لەگەڵ سەرجەم بەرپرس و دەزگا ئەمنییەکان و بەرپرسانی حکومەتی خۆجێی ناوچەکە و بەرپرس و کارمەندانی تەندروستی کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانیان، سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا وتی: لە کۆبوونەوەکاندا گفتووگۆ کرا لەسەر دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوان هێزەکانی سنورەکە بۆ ئەوەی ڕێگری بکەین لە جموجوڵی چەتەکانی داعش لەم ناوچەیە.

وتەبێژی قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەندێک بڕیاری بەپەلە درا بۆ دروستکردنی ژوورێکی ئۆپەراسیۆن بۆ زیادکردنی هێز لە ناوچەکەدا و جێبەجێکردنی هەندێک داواکاری سەبارەت بە چاککردنی کەرتی تەندروستی.

ب.ش