قەدەغەی هاتووچۆ هەڕەشە لە بەرهەمە کشتوکاڵیەکان دەکات

جوتیاران گلەیی دەکەن کە بە هۆیی قەدەغەی هاتوچۆوە ناتوانن کاروباری کشتوکاڵ و چاندنی بەروبوومە وەرزییەکان ئەنجامبدەن و دەڵێن، کە هەرچەندە بڕیار دراوە کە هاوکاریی جوتیاران بکرێت بەڵام هاوکارییەکان وەک پێویست نین، ئاماژە بەوەشدەکەن ئەگەر دۆخەکە بەوشێوەیە بەردەوامبێت ئەوا ئەمساڵ بەروبوومەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکەن.


سەرەتای وەرزی بەهارە و کاتی چاندنی هەندێک بەروبوومی کشتوکاڵیی وەک تەماتە، خەیار، کولەکە، کاڵەک و چەند بەرهەمێکی دیکەیە، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانی جوتیارانی سەر بە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، بە هۆیی بڕیاری قەدەغەکردنی هاتووچۆوە، ڕێگایان پێنادرێت سەردانی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بکەن.

ئەم جوتیارانە، باس لەوە دەکەن کە ئەگەر نەچنە سەر زەوییەکانیان و سەردانی باخەکانیان نەکەن، ئەوا لە داهاتوودا لە ڕووی خراپی و کەمی بەرهەمەوە تووشی گرفت دەبەن.

لە شارەزووردا کاتی دەرمان وەشاندن و کێلان و جۆگە هەڵدانەوەیە، بە تایبەت هەر کەس نەمامی ناشتبێت ئەوا دەبێت زوو زوو ئاوی بدات، هەروەها لە هەورامان هەڵپاچینی دارەکان و دروستکردنی تەڵان و پووز و پاسار دەستی پێکردووە، بەڵام وەک پێویست ئاسانکاریی بۆ جوتیاران و باخەوانەکان ناکرێت کارەکانیان ئەنجامبدەن.

"هەندێک کەس بەناوی جوتیارەوە مۆڵەت وەردەگرێت و جوتیاریش نییە"

هیوا ئیسماعیل، کە دانیشتوی شاری هەڵەبجەیە و خاوەنی باخی هەنار، گوێز، توو و چەند بەرهەمێکی دیکەیە لە تەویڵە، باس لەوە دەکات کە لە کاتی جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆوە تا ئێستا سەردانی باخەکەی نەکردووە و وتی: ساڵانە باخەکانی هەورامان نزیکەی ٣ تۆن بەرهەمیان دەبێت و لە ئێستادا پێویستی بە هەڵپاچینی دارەکانە.

هیوا باسی لەوەشکرد، کە ئەگەر ئاسانکاریش هەبێت کەمە، بەهۆی هەندێک کەسی دیکەوە کە بە ناوی باخدارییەوە دەچنە دەرەوەی شار، مافی ئێمەش پێشێلدەکرێت و ئەوەشی وت: ئەگەر چی ئەم قەدەغەیە بۆ بەرژەوەندی گشتییە، بەڵام پێویستیشە لەلایەن حکومەت و لایەنە پەیوەندییدارەکانەوە هاوکاریمان بکرێت، ئەگەرنا ئابووریمان بە گشتی بۆ داهاتوو دەکەوێتە مەترسییەوە.

هەر پەیوەندیدار بەو بابەتەوە، پەیوەندیمان بە کاسترۆ مەعروف سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کرد و ڕایگەیاند: بە هەموو شێوەیەک هاوکاریی جوتیاران دەکەین، بە نووسراوێک یان تەلەفۆن، یان لە ڕێگای نوێنەرێکەوە پەیوەندی بە لایەنی پەویوەندیدارەوە یان قایمقامیەتییەکان بکەن، بە تایبەتی ئەو جوتیارانەی کە بەرهەمەکانیان دەخەنە بازاڕەوە، ئێمەش ئەوەی پێویست بێت ئەنجانمی دەدەین.

ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە، لەنووسراوكێدا، وەزارەتی کشتوکاڵ داوای لە خاوەن کێڵگەکان و پڕۆژە کشتوکاڵیەکان و کۆمپانیا کشتوکاڵیەکان کرد، سەردانی بەڕێوبەرایەتییە کشتوکاڵیەکانی شار و شارۆچکەکان بکەن بۆ ئەوەی فۆڕمی ڕێگەپێدانی هاتووچۆیان بۆ بکرێت، بەڵام جوتیاران دەڵێن وەک پێویست هاوکارییان ناکرێت.

هەروەها شەوی ڕابردوو، عەبدولستار مەجید، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت: ژمارەیەک لە جوتیاران پەیوەندییان پێوەکردبووم و گرفتی ئەوەیان هەبوو، کە بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆوە، گرفتی چونە سەر کێڵگەکانیان بۆ دروستبووە، بەتایبەتیش کە ئێستا کاتی چاندن و پێگەیشتنی هەندێ بەرهەمی کشتوکاڵییە، داوا و کێشەی ئەو بەڕێزانەم گەیاندە کاک ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێزیان ئاماژەیان بەوەکرد "بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەر پارێزگا و قەزا و ناحیەیەک ئەندامی لیژنەی ڕووبەڕوبوونەوەی کۆرۆنایە، بۆئەوەی بتوانن بەبێ ڕێگریکردن بچنە سەر کێڵگەکانیان، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ناوچەکەیان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی ڕێگەپێدانی تایبەت بە چوونە سەر کێڵگەکانیان" .

د.ع