دووشەممە, 2 أبر 2018 – 11:17
ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
مستەفا قەرەسو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەری کەجەکە دەڵێت، تەلەفزیۆن و ڕادیۆ کە پێشتر درابووە عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە، لێی سەندراوەتەوە و فشارەکانی سەر ئیمرالی زیاتری کردووە.
مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەری کۆما جڤاکێن کوردستان لە بارەی دوایین دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە لە زیندانی ئیمرالیدا وتارێکی نووسی.
قەرەسوو وتارەکەی بە پیرزۆکردنی ٤ی نیسان، ڕۆژی لە دایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەستپێکرد و ونووسی: ٤ی نیسان چارەنووسی گەلی کوردی گۆڕی، ڕێبەر ئاپۆ بووە ڕۆڵەیەکی ئازیزی گەل، هەلومەرجی کۆمەڵایەتی کەسایەتیی ڕێبەر ئاپۆی خولقاند، ئەویش بایەخە بنەڕەتییەکانی تێکۆشانی سیاسیی لە کوردستان، تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕی.
قەرەسوو دەڵێت: ڕێباز و ئیرادەی ڕێبەر ئاپۆ لە شەڕی سێیەمی جیهانیدا لە ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە ڕووناکایی رێگای گەلانی ژێردەست، بۆیەشە گۆشەگیرییەکی سەخت بە سەریدا سەپێندراوە، دوژمنانی گەلی کورد فشار و زۆردارییەکانیان بۆ سەر ئیمرالی زیادکردووە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە دەستمان گەیشتووە، پاش داگیرکردنی ناوەندی عەفرین، بە هۆی ئەوەی هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ تووڕەی کردوون، تەلەفزیۆن و ڕادیۆیان لێسەندووەتەوە، هەلومەرجی ژیانیان لێ سەختتر کردووەتەوە، ئەوانە نیشانی دەدەن، کە ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپە ترساون و ڕوو لە شکەستن.
لە بەشێکی دیکەشدا نووسیویەتی: ئاشکرایە، کە لە شەڕی سێیەمی جیهانیدا هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ لە دژی هێزە قڕکەرەکاندا وەک ڕابردوو دەبێت، هەرچەند ئاگامان لە ئیمرالی نییە و نایەڵن زانیاری لە بارەی ڕێبەر ئاپۆوە بە دەستمان بگات، بەڵام لەوە دڵنیاین، ڕێبەر ئاپۆش باش دەزانێت کە هەڤاڵان و نەتەوەکەی چۆن هەڵوێست پیشان دەدەن، بۆیە هەڵوێستی خۆی لە بەرامبەر فشارەکاندا ناگۆڕێت و دژی داگیرکاریی هەڵوێست پیشان دەدات.
س.ح