پێنجشەممە, 4 يون 2020 – 10:50 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆن-ی ستێرکدا، تیشکی خستە سەر دۆخی زینی ئەستێرۆکان و هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆ دروستکردنی کێشە لەنێوان کورداندا.
قەرەیلان، جەختیکردەوە، کە بێگومان دەبێت ئەو هێزانەی براونەتە زینی ئەستێرۆکان بکشێنەوە، بەمەش بارودۆخ هەندێک ئارام دەبێتەوە. وتیشی”پرسەکە هەمووی زینی وەرتێ نییە، بۆ نمونە سێ لە هەڤاڵانمان لەو ناوچەیە شەهید بوون، بە دووریی ١٥٠ مەتر لەولاتر هێزی پەدەکەی لێیە، لەم لاشەوە بە دووریی ١٥٠ مەتر هێزی یەنەکە. لە ناوەڕاستی ئەو دوو هێزەدا لە هەڤاڵانی ئێمەیاندا، لەم بارەیەوە هیچ کەسێک روونکردنەوەی نەداوە”.
وتیشی”ئەگەر من وەکو فەرماندەیەکی پێشمەرگە لەوێ بوومایا و دووژمنی منیش بێت، ناهێڵم کەسێکی دیکە بێت و لەبەر دەرگای من لێیان بدات. ئاخر شکۆیەک هەیە، شکۆیەکی سەربازیی و فەرماندەیی. بە بڕوای من ئەو فەرماندەیەی لەوێیە، بێڕێزیی نەبێت، بەڵام شکۆی پێشمەرگەی لەو شوێنە نەپاراستووە. لە تەنیشیانەوە هەندێک کەسی بیانی و دووژمن دێن و هێرش دەکەنە سەر مرۆڤ و ئەوانیش تەماشا دەکەن”.
موراد قەرەیلان، باسی لەوەش کرد، کە حکومەتی هەرێم هیچ رێوشوێنی لە بەرامبەر هەواڵگریی تورکیا نەگرتووەتەبەر، میت لە باشوری کوردستان بە ئاسانی دەسووڕێتەوە و جاسووسەکانی دەخاتە سەر کار. دەوڵەتی تورک ئەمە بۆ خۆی بەکار دێنێت و بەم شێوەیە دەیەوێت لە نێوان ئێمەدا گومان دروست بکات.
ڕوونیشیکردەوە، “ستراتیجی تورک ئەوەیە، کە وەکو چۆن بە ئازادانە هاتوچۆ دەکات و دەگەڕێت، ڕووداوی لەم چەشنە دروست بکات و گومان و فیتنە بخانە نێوانمان و بەو شێوەیە ساردیی و کێشەی ناوخۆیی دروست بکات”.
وەک قەرەیلان باسی کرد، بە بڕاوی پەکەکە، کورد هەمووی لە کەشتییەکدایە، “واتە ئەگەر کەسێک یان پارتێک لە ناو کەشتیەکەدا هەڵسێت و بڵێت، ئەوەندەی هی منە و نایدەم بە هیچ کەسێک، ئەگەر سبەی رۆژ کەشتیەکە تێک بشکێت، هەمووان تێکدەشکین. واتە هەمومان بەستراوین بە یەکەوە. چونکە ئیمە نەتەوەیەکین، واتە دەبێت ستراتیجیەکی هاوبەش بێتە ئاراوە”.
لە بەردەوامییدا، موراد قەرەیلان، سەرنجی ڕاکێشایە سەر دوایین پەیامی عەبدوڵا ئۆجالان و وتی:”دوای ٢١ ساڵ بۆ یەکەم جار مافی فسەکردن بە تەلەفۆن درایە رێبەر ئاپۆ، ٢٠ خولەکی قسەکردنی بۆ یەکڕیزیی و یەکێتی نەتەوەیی تەرخان کرد. بۆچی؟ چونکە رێبەر ئاپۆ تێگەیشتووە کە ستراتیجی دەوڵەت دروستکردنی شەڕێکی ناوخۆییە. بۆیە هەموو کاتی تەلەفۆنەکەی تەرخان کرد بۆ ئەو بابەتە، رێنوێنی دەدات بۆ ئەوەی شەڕی ناوخۆ دروست نەبێت، یەکێتی و یەکڕیزی بونیاد بنرێت و کەس نەڵێت کەم بێت یان زۆر، بەشی منە و دەبێت مرۆڤ بە بەرفراوانی لەم بابەت بڕوانێت. واتە ئێمە دەمانەوێت بەم شیوەیە سیاسەتی دوژمن تێک بشکێنین و بەرژەوەندیەکانی گەلی کورد بپارێزین، با هەموومان بەیەکەوە ئەم هەنگاوە بنێین”.
موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە، دووپایتیکردەوە، کە پەکەکە هەموو هەوڵیکی بۆ یەکڕیزیی دەخاتە گەڕ، بەڵام وەک ئەو باسیکرد”هەموو شتەکان بە تەنها بە ئێمە ناکرێت، ئێمەش هێزێکین، واتە هەموو شتێک ئاست و سنوورێکی خۆی هەیە، لەوانەیە ئێمە وەکو کورد کێشەی ناوخۆییمان هەبێت و بۆ ئەوەی چارەسەریان بکەین، پێویستیمان بە هاوکاری یەکتر هەیە. ئێمە بۆ ئەمە ئامادەین، بەڵام شتەکان بە تەنها بە ئێمە ناکرێت”.
ش.ف