قەرەیلان: بێدەنگیی دەسەڵاتی باشور لەبەرانبەر خواکورک بەواتای ڕێککەوتن دێت

قەرەیلان، دەڵێت، کە ئۆپەراسیۆنی خواکورک بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستانە، ڕاشیدەگەیەنێت:"ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی باشور له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و هێرشه‌ بێده‌نگ بێت، ئه‌وا دیاره‌ ڕێككه‌وتوون له‌گه‌ڵیان یان ڕازی بوون، ئه‌وان ئاگایان لێیه‌".


موراد قەرەیلان، فه‌رمانده‌ی بڕیارگه‌ی ناوه‌ندی پاراستنی گه‌ل (نه‌په‌گه‌) و ئه‌ندامی كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی پارتیی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، تیشکی خستە سەر ئۆپەراسیۆنی دەوڵەتی تورک لە ناوچەی خواکورک.

قەرەیلان، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە "ده‌وڵه‌تی تورك ماوه‌ی ساڵێكه‌ له‌ به‌رزترین ئاستدا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ڕۆژائاوا ده‌كات و هێشتاش به‌رده‌وامه‌، بەڵام بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ڕۆژئاوا و داگیرکردنی نه‌یتوانی مۆڵه‌ت له‌ ئه‌فه‌ندییه‌كانی خۆی وه‌رگرێت، بۆیه‌ ڕووی له‌ خواكورك كرد، له‌به‌رئه‌وه‌ی زیهنیه‌تی نه‌ژادپه‌رستی، شۆڤێنی و فاشیستی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌ دوژمنایه‌تیكردنی كوردانه‌وه‌ به‌ستووه‌ته‌وه‌، نایه‌وێت له‌م بابه‌ته‌دا بۆشاییه‌ك بهێڵێته‌وه‌".

"دەوڵەتی تورک دەیەوێت خواکورک داگیر بکات"

ڕاشیگەیاند:"ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك له‌ خواكورك ده‌یكات ئۆپه‌راسیۆن نییه‌، به‌ڵكو داگیركارییه‌، ئه‌م داگیركارییه‌ش كاتی نییه‌، داگیركارییه‌كی هه‌میشه‌ییه‌، ئه‌مه‌ ڕاستییه‌ و پێویسته‌ هه‌موو كه‌س بیزانێت".

"پەکەکە هەرگیز کۆتایی نایەت"

موراد قەرەیلان، لەبارەی لێدونای كاربه‌ده‌ستانی تورك، کە هه‌میشه‌ ده‌ڵێن، 'هه‌ر كات كۆتایی به‌ په‌كه‌كه‌ هات، له‌ باشوور ده‌كشێینه‌وه‌'، ڕایگەیاند: پەکەکە هه‌رگیز كۆتایی پێ نایه‌ت، ئایا ڕاستییه‌كی وه‌ك په‌كه‌كه‌ كه‌ خاوه‌نی هێزێكی ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌رییه‌، له‌نێو هه‌لومه‌رجی سه‌ختدا بووه‌ته‌ خاوه‌نی هێزێكی پته‌وی تێكۆشان، ده‌كرێت كۆتایی بێت؟ هه‌رگیز و هه‌رگیز ئه‌مه‌ مومكین نییه‌، دەوڵەتی تورک بەو لێدوانانە دەیەوێت بڵێت'من باشوری کوردستان داگیر دەکەم'.

"ئەگەر دەسەڵاتی باشور بێدەنگ بێت دیارە ڕێککەوتوون لەگەڵیدا"

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی بەڕێوبەریی پەکەکە، تیشکی خستە سەر هەڵوێستی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر ئەو داگیرکارییانە و وتی: دەسەڵاتی باشور و دەوڵەتی عێراق بێدەنگن، له‌وانه‌یه‌ چه‌ند هێزێك ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕیبێت، به‌ڵام به‌گشتی بێده‌نگن، ئه‌مه‌ دۆخێكی زۆر جددییه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی باشور له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و هێرشه‌ بێده‌نگ بێت، ئه‌وا دیاره‌ ڕێككه‌وتوون له‌گه‌ڵیان یان ڕازی بوون، ئه‌وان ئاگایان لێیه‌، ده‌بێت باش بزانین كه‌ ده‌وڵه‌تی تورك حساباتی زۆری جددی هه‌یه‌ له‌سه‌ر باشووری كوردستان. قبوڵكردنی داگیركاریی ده‌وڵه‌تی تورك به‌ واتای له‌ده‌ستدانی كه‌ركوك دێت.

"دەیەوێت کەرکوک لە باشوری کوردستان داببڕێت"

ناوبراو زیاتر ڕوونیکردەوە"یه‌كێك له‌ حساباته‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی مێتینگه‌ر ئه‌وه‌یه‌ له‌ باشوری كوردستان جێگیر بێت، له‌وێ پێگه‌ی خۆی به‌هێز بكات، دواتر كه‌ركوك له‌ باشوری كوردستان داببڕێت، هه‌ر كه‌ ده‌وڵه‌تی تورك له‌ باشور جێگیر ببێت، ده‌ستی خۆی له‌م بابه‌ته‌دا به‌هێز ده‌كات".

"با دەسەڵاتی باشور دەستی دەوڵەتی تورک بەهێز نەکات"

موراد قەرەیلان، پەیامی بۆ دەسەڵاتی باشور نارد و وتی:"ئێمه‌ ده‌ڵێین؛ با ده‌سه‌ڵاتی باشووری كوردستان له‌م بابه‌ته‌دا ده‌ستی ده‌وڵه‌تی تورك به‌هێز نه‌كات، له‌بری ئه‌مه‌ پێویسته‌ خاوه‌ندارێتیی له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی بكات، بێگومان ده‌وڵه‌تی تورك له‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كورده‌ و ده‌یه‌وێت هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كورد له‌ناوببات، هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌ڵێین ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ ئارادایه‌ هه‌ڵه‌یه‌ و پێویسته‌ ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ به‌بێ دوودڵی ڕاست بكرێته‌وه‌".

"گەلەکەمان توڕەیە"

سەبارەت بە هەڵوێستی گەل-یش، قەرەیلان وتی: گه‌له‌كه‌مان له‌ باشوری كوردستان گه‌لێكی و‌ڵاتپارێزه‌ و له‌پێناو ئازادیی قوربانیی گه‌وره‌ی داوه‌، به‌ ئه‌نفال و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا تێپه‌ڕیوه‌، سه‌دان هه‌زار شه‌هیدی داوه، ڕێزی ئێمه‌ بۆ ئه‌و گه‌له‌ بێ كۆتاییه‌، وه‌ك شیلادزێ گه‌له‌كه‌مان له‌ باشووری كوردستان له‌ به‌رانبه‌ر هێرشه‌ داگیركارییه‌كان یه‌كجار زۆر تووڕه‌یه‌، پێویسته‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی باشووری كوردستان به‌تایبه‌تی هێزی ده‌سه‌ڵات گوێ بده‌نه‌ ئه‌م وریاییه‌ی گه‌ل و له‌ دژی داگیركاری بێده‌نگ نه‌بن، ئێمه‌ بانگی هه‌موو هێزه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ له‌ دژی داگیركردنی خاكی كوردستان كه‌ له‌ژێر ناوی 'ئۆپه‌راسیۆن له‌ دژی په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌م' به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ده‌نگی خۆیان هه‌ڵبڕن و به‌باشی تێبكۆشن.

"گەریلا وەڵامی پێویست دەداتەوە"

سەبارەت بە ئەرکی گەریلاش لە بەرامبەر داگیرکارییەکان، قەرەیلان، وتی:"بێ گومان گه‌ریلا له‌ دژی داگیركاری وه‌ڵامی پێویست ده‌داته‌وه‌ و ئه‌و به‌رخۆدانه‌ ده‌كات كه‌ پێویسته‌، له‌دژی هه‌وڵه‌ داگیركارییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی مێتینگه‌ر له‌سه‌ر باشوری كوردستان، گه‌ریلاكانی ئازادیی كوردستان به‌رخۆدانێكی مێژوویی ده‌كه‌ن و هه‌موو هێزی خۆیان ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ بۆ سه‌رخستنی به‌رخۆدانه‌كه‌. گه‌ریلا هێزێكی ئه‌زموونێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌، هه‌تا ئێستا به‌كرده‌وه‌ش ئه‌مه‌ی پیشان داوه‌ و له‌مه‌ودواش به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام بنواڕن؛ ده‌وڵه‌تی تورك ماوه‌ی زیاتر له‌ ساڵێكه‌ گردی لێلیكانی داگیركردووه‌، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و چالاكییانه‌ی گه‌ریلا له‌ لێلیكان كردوویه‌تی سه‌دان سه‌ربازی تورك كوژراون، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی تورك به‌پێداگرییه‌وه‌ ئه‌مه‌ له‌ گه‌لی توركیا ده‌شارێته‌وه‌، ده‌عبایه‌ك به‌ ناوی خولوسی له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌یه‌ كه‌ تورك نییه‌ و له‌ بنه‌ڕه‌تدا چه‌ركه‌زه‌ و دوژمنی كوردانه‌، ئه‌م كه‌سه‌ هه‌موو ڕۆژێك درۆ بۆ گه‌لی توركیا ده‌كات، به‌ڕاستی قسه‌ ناكات و ڕاستییه‌كان ده‌شارێته‌وه‌".

"سوپای تورک باجی قورس دەدات"

لە بەردەوامییدا قەرەیلان وتی:"گه‌لی توركیا له‌ لێلیكان سه‌دان هاوڵاتیی خۆی له‌ده‌ست دا، ئێمه‌ ئه‌مه‌مان نه‌ده‌ویست، به‌ڵام سیاسه‌ته‌ مێتینگه‌ر و سه‌ركوتكاره‌كان هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌مه‌ن، ئێستاش كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن خواكورك داگیر بكه‌ن، هه‌ڵوێستی گه‌ریلا له‌ دژی ئه‌م داگیركارییه‌ تووند ده‌بێت. ئه‌مه‌ له‌ ڕۆژێكدا ناكرێت، به‌ڵكو به‌رخۆدانێكی به‌رفره‌وان ده‌بێت و ئه‌و باجانه‌ی داگیركه‌ر له‌م مه‌یدانانه‌ ده‌یدات، بۆ سوپای تورك قورس ده‌بێت. گه‌ریلا ئه‌م بڕیاره‌ی هه‌یه‌".

"بەهاوکاریی ئەمریکا هێرش دەکات"

موراد قەرەیلان، ڕاشیگەیاند، کە "دەوڵەتی تورک بەتەنیا نییە لەو هێرشانەدا، بەڵکو به‌ پشتیوانی گه‌وره‌ی گلادیۆی ناتۆ، له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ ئەمریکا دژی ئێمه‌ شه‌ڕ ده‌كات".

 

ش.ف