قەرەیلان ئاشکرای دەکات، ساڵی ١٩٩٠ لەلایەن ئەمریکاوە شاندێکی پێکهاتوو لە هەرچوار پارچەی کوردستان بانگهێشتی واشنتۆن دەکرێت، پەکەکە ڕەتیدەکاتەوە کە بڕواتە ئەمریکا، بەڵام لەسەر داوای مام جەلال، پەکەکە کەسێک وەکو نوێنەر دەنێرێت و مام جەلال ناوی پەکەکە لە سەرووی ناوی پارتە کوردییەکاندا دەنووسێت.
موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەری پەکەکە لە میانەی بەشدارییکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی ستێرک تیڤی لە بەشێکی قسەکانیدا زانیاریی نەبیستراوی لەسەر نامەیەکی مام جەلال ئاشکرا کرد.
قەرەیلان باسی لەوە کردووە، کە لە دوای شەڕی کوەیت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای کردبوو کە شاندێکی پێکهاتوو لە نوێنەرانی هەر چوارپارچەی کوردستان سەردانی واشنتۆن بکات، کە بەتایبەتی داواکرابوو پەکەکەش لەو شاندەدا جێبگرێت، بەڵام بەهۆی ئەو شەڕەی کە تورکیا بەپشتیوانی ئەمریکا و ناتۆ لەدژی کوردان دەیکرد، پەکەکە ڕەتیکردبووەوە، کە نوێنەری خۆیان بنێرێتە ئەمریکا.
موراد قەرەیلان لە قسەکانیدا ئاشکرای کردووە، کە لەو کاتەدا مام جەلال نامەیەک بۆ پەکەکە دەنێرێت و تێیدا دەنووسێت: ئەگەر پەکەکە بەشداریی لەو شاندەیەدا نەکات ئەوا، ئەو شاندە قورسایی و بایەخی خۆی لەدەست دەدات بۆیە مام جەلال داوای لە پەکەکە کرد بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی باشور و بۆ گەلی باشور، بەشداریی لەم شاندەدا بکات”.
قەرەیلان لەسەر هۆکاری پێداگری مام جەلال بۆ بەشداری کردنی پەکەکە دەستنیشانی دەکات، لەوکاتەدا پەکەکە تەنها هێز بوو لە کوردستان کە بە شێوازێکی چالاک لە زاپ و خوارکوکەوە هەتا دێرسیم لە ناو شەڕێکی گەورەدا بوو لە دژی داگیرکەران و ڕەنگدانەوەی شەڕ و چالاکییەکانی پەکەکەش لە میدیا جیهانییەکاندا ڕۆژانە دەبینرا و دەبیسترا، هەر بۆیە مام جەلال وتبووی کە دەبێت لە ئەو پەیامەیدا کە لەسەرناوی کوردان دەنووسرێت ناوی پەکەکە لە سەروی هەووانەوە بێت، بەو پێیەش پەیامەکەی پەکەکە لە واشنتۆن خوێندرایەوە.
ئەندامی کۆمیتەی بەرێوبەری پەکەکە، موراد قەرەیلان لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەحمەد بامەڕنێی ئاگاداری ئەو نامە و هەوڵەکانی مام جەلال بووە، “هەر بۆیە لەو کاتەدا ئەگەرچی پەکەکە بۆ خۆی بەشداری لە شاندەکەدا نەکرد، بەڵام کەسێک بە ناوی عیسمەت شەریف ڤانلی وەکو نوێنەری پەکەکە لەو کاتەدا لە ناوشاندەکەدا چووە واشنتۆن و پەیامەکەی پەکەکەی لەوێ خوێندەوە، پەکەکە لەوکاتەشدا ڕۆڵ و پێگەیەکی گرنگی لە سەر تەواوی کوردستان و دۆزی کورد هەبوو”.
ش.ف