موراد قەرەیلان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەوە دەڵێت: ئێمە گەلەکەمان لە ژێر ڕەشەکوژی و هەڕەشەی لەناوبردن پاراست و هەبوونیمان سەلمان، ئێستا ئیدی کات کاتی ئازادییە و پەکەکەش لەمپێناوەدا خەبات و تێکۆشانی خۆی بەردەوام دەکات.
موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەری پەکەکە لە میانەی بەشدارییکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی ستێرک تیڤی بە بۆنەی ٤٢هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەوە هەڵسەنگاندنی کرد.
قەرەیلان ٤٢هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەى لە عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد، گەلی کوردستان، دۆستان، هاوڕێیان، خەباتکاران و لایەنگران پیرۆز کرد و وتی: “مێژووی پەکەکە مێژووی قارەمانییە، ئەو قارەمانییە بە ڕەنج و بەرخودانی شەهیدان بەدیهاتووە، بە خوێنی بەرخودانی ئەفسانەیی مێژوویی شەهیدان تۆمار کراوە، لەو چوارچێوەیەدا یادی شەهیدی سەرەتای حیزبمان هاوڕێ حەقی قەرار تاوەکو سارا، دەلال ئامەد، زەکی شەنگالی، دیار غەریب (هەڵمەت)، قاسم ئەنگین، عەگید جڤیان و یڵماز دەرسیمەکان و هەموو شەهیدانی شۆڕشی کوردستان بەرز ڕادەگرم و سەری ڕێزیان لە بەرامبەردا دادەنەوێنم، ئەو پەیمانەى بە شەهیدانمان داوە دووبارەی دەکەینەوە، ئێمە لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستاندا خاوەنداریی لە یاد و ناو و خەونیان دەکەین”.
قەرەیلان، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە ڕۆڵی پەکەکە لە دەستخستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان کرد و وتی: “بێگومان گەورەترین دەستکەوت پووچکردنەوەى سیاسەتی پاکتاوکردن و داگیرکارییە لەسەر کوردستان، دوژمن دەیخواست گەلی کورد پاکتاو بکات، بیتوێنتێتەوە، لە باکوور بیکات بە تورک، لە ناوچەکانی تریش بیانکات بە عەرەب و فارس، یانی دەیخواست لە نەتەوەبوون دەریبهێنێت، چونکە ئەم گەلە لەلایەن مۆدێرنیتەى کاپیتالیست و سیستمی نێونەتەوەییەوە وەک نەتەوە قبوڵ نەکرابوو، ئەمڕۆ نوێنەرانی هەموو گەلان لە نەتەوە یەکگرتووەکانن، بەڵام کورد نوێنەری نییە، بۆ؟ چونکە بڕیاریان لەسەر حسابنەکردن بۆ کورد و لەناوبردنی کورد داوە، ئەو بڕیارە بڕیاری دەوڵەتی تورک، ئێران، عێراق و سوریا نییە، بەڵکو بڕیاری سیستمی نێودەوڵەتییە، کە لە بنەڕەتدا لە لۆزان دا بڕیاری لێدراوە، هەستانەوە و وەستانەوە لە دژی ئەوە، پووچکردنەوەى ئەو بڕیارە تەنها بۆ خۆی ئەنجامێکی گرنگە، ئێمە پێش هەموو شتێک وەک نەتەوە هەبوونی خۆمان سەلماند، ڕێگرییمان لە لەناوبردن و سڕینەوە و توانەوە گرت، ئیدی ئێمە لەسەر تەختەى مێژووین و ئەوەمان مسۆگەر کردووە، کات کاتی ئازادییە.
موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەری پەکەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاند ٤٣هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە نابێت وەکو ساڵێکی ئاسایی تێپەڕێت و وتی: “دەبێت گەلەکەمان ئەوە باش بزانیێت و بۆ ئەمەش پێویستە خۆی زیاتر بەڕێکخستن بکات، بەهێزتر تێبکۆشێت، دەبێت کۆتایی بە گۆشەگیریی ئیمرالی بهێنرێت، ڕێبەر ئاپۆ ئازاد ببێت، لەسەر ئەم بنەمایە هەنگاوەکەی کەجەکە کە بە دروشمی کاتی ئازادییە ڕایگەیاندووە، دەبێت لە هەموو ناوچەیەک بڵاو ببێتەوە و بەهێز ببێت، لە کوردستان و تورکیا، لە هەموو شوێنێک ژنان و گەنجان و ڕەنجدەران بە شێوەیەکی چالاک بجوڵێنەوە، ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە تێکۆشانێک بەڕێوەبچێت، ئیدی سەردەکەوین و ڕژێمیش هەڵدەوەشێت، بێگومان قورسترین و گەورەترین ڕۆڵیش دەکەوێتە ئەستۆی گەریلاکان، ئێمە ئەوە دەزانین، گەریلاش لەم چوارچێوەیەدا، لە ناو هەوڵدایە”.
لە کۆتایی قسەکانیدا موراد قەرەیلان، جەختی کردەوە کە: “٤٣هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە دەبێت بە ساڵی بەهێزکردنی تێکۆشان و بۆ بەدەستهێنانی ئەنجام، دەبێت بە ساڵی ئازادی کوردستان و ڕێبەر ئاپۆ و بەدیموکراسیبوونی تورکیا و دەبێت بە ساڵێکی گەورەی تێکۆشان”.
لەسەر ئەم بنەمایە قەرەیلان، هیوای سەرکەوتنی بۆ هەموو هێزە تێکۆشەرەکان خواست و ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەی جارێکی دیکە لە گەلی کورد و دۆستانی پیرۆز کرد.
ک.س