موراد قەرەیلان، ڕایدەگەیەنێت، ‘هێشتا هێزەکانی پەدەکە لە هەرێمەکانی گەریلا نەکشاونەتەوە، بۆیە دۆخە مەترسییدارەکە تێنەپەڕیوە و هەمیشە گومانی ئەوە هەیە، کە لە شوێنێک هەڵەیەک ڕووبدات’، دەشڵێت، نامانەوێت هیچ حزبێک لاواز ببێت و هیواش دەخوازێت یەنەکە کێشە ناوخۆییەکانی بە بەهێزییەوە، چارەسەر بکات.
موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فورات، دوایین هەڵویستەکانی پەدەکەی خستەڕوو.
قەرەیلان سوپاسی گەل دەکات
لەسەر مەترسیی هێنانی هێز لەلایەن پەدەکەوە بۆ هەرێمەکانی گەریلا، قەرەیلان وتی: ئەمە دۆخێکی جدییە و زۆر گرنگە، کە ئێستاش لە ڕۆژەڤدایە، ئەوەی ئێمە لە بانگەوازییەکەی پێشوومان باسمان کرد ڕاستییەکە و سروشتی بوو، ئەوەی ئاگامان لێی بوو باسمانکرد، دوای ئەوە، گەلی کورد لە چوارپارچە و دەرەوەی وڵات هاتنە سەر شەقام و کەوتنە جوڵە، ڕۆشنبیر، هونەرمەند، سیاسەتمەدار و زۆر کەسی دیکە لێدوانیان دا و داوای یەکێتی نەتەوەییان کرد و ڕای گشتیی لەسەر دروست بوو، لەم بارەوە هەموو کەسێک ڕەنجیاندا و هۆشیارانە مامەڵەیان کرد، ئەمە ئەرکی وڵاتپارێزیی نەتەوەییە، دەمەوێت جارێکی دیکە سوپاسیان بکەم و سڵاویان بۆ بنێرم.
“دۆخە مەترسییدارەکە تێنەپەڕیوە”
لەگەڵ ئەوەدا، قەرەیلان جەختدەکاتەوە، کە ئەو دۆخە مەترسیدارە تێنەپەڕیوە، “چونکە هێزە چەکدارەکان هێشتاش لەو جێگانە ماونەتەوە، بۆیە هەمیشە گومانی ئەوە هەیە کە لە شوێنێک هەڵەیەک ڕووبدات، یان هەندێک شت کە مرۆڤ نایەوێت ڕووبدات، واتا مەترسییەکە بنبڕ نەبووە”.
“چاوەڕوانین قسەکان ببن بە کردار”
هەروەها، ئاماژەی بە قسەیەکی جەمیل بایک کردووە، کە چوارشەمەی ڕابردوو وتی؛ “کاک مەسعود بە هەندێک کەسی وتووە، کە هێشتاش لەسەر بەڵێنی خۆمم، کورد بەدەستی کورد نەکوژرێت”، قەرەیلان وتی: هاوسەرۆکمان دڵخۆشیی و خۆشحاڵیی خۆی هێنایە زمان، ئەمە چوارچێوەیەکی گرنگ بوو کە منیش بەشداری دەبم، بۆیە ئەو شتانە دووبارە ناکەمەوە، ڕاگەیەندراوی دەستپێکمان هێشتاش لەجێی خۆی دایە و بەڕێوبەرایەتی ئێمە لەم چوارچێوەیەدا هەڵویستی خۆی ڕوون کردووەتەوە، هیوادارین لە هەردوو لاوە لەم بارەوە پێشکەوتن دروست بێت و هەندێک ئەو دۆخە مەترسیدارە بگۆڕێت، یان ئەو شتانەی دەوترێت بە کردەوە نیشانبدرێت، لەسەر ئەمە ئێمە هێشتا چاوەڕوانین.
“پیلانی تورکیا مەترسییدارە”
موراد قەرەیلان، هەروەها وتی: دەوڵەتی تورک دەیەوێت سنوورەکانی فراوان بکات و ببێتە ئیمپراتۆریەت و دەوروبەری خۆی داگیربکات، ئەم پیلانە شاراوە نییە، ئەمە پیلانێکی شۆڤێنی، نەژادپەرستانە و داگیرکەرانەیە، لە سەروویانەوە بۆ ئێمەی کورد مەترسیی هەیە، سیاسیەتی کورد دەبێت ئەمە لە بەرچاو بگرێت، پەیمانی لۆزان بۆ ١٠٠ ساڵ واژۆکراوە و دوو ساڵی ماوە کۆتاییبێت، ئەم پەیمانە بۆ کورد سووکایەتییەکی گەورە بوو، سەرەڕای ئەوەی کورد، گەلێکی لە مێژینەی ناوچەکە بوو، نکۆڵیی لێکرا و کوردستان کرا بە چوار پارچەوە، لەو کاتەوە تا ئێستا لە کوردستان تراژیدیای گەورە، کۆمەڵکوژی، ئەنفال و جینۆساید ڕوویداوە، کە تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام تورکیا دەڵێت کە لەم پەیمانەدا مافی خوراوە، بۆیە لە هەوڵدایە ئەو ناوچانە بگەڕێنێتەوە.
“بۆ ئەوەی تووشی لۆزانێکی دیکە نەبین، پێویستە یەکبگرین”
قەرەیلان بەردەوامیی بە قسەکانی دا و وتی: ئێستا لە چوارچێوەی ئەو پلانەدا دەیەوێت میساقی میللی زیندوو بکاتەوە، لە بواری سیاسیی، یاسایی و سەربازییدا ئامادەکاریی بۆ دەکات، ئەمەش بۆ ئێمە مەترسییەکی گەورەیە، مسۆگەر نییە هیچ سیاستمەدارێکی کورد ئەمەی نەدیبێت، ئێستا لە ناوچەکە شەڕی سێیەمی جیهانی بەڕێوەدەچێت، هەمووان دەزانن کە دوای ئەم شەڕە، ناوچەکە سەرلەنوێ دیزاین دەکرێتەوە، بۆیە دەوڵەتی تورک و داگیرکەرانی دیکەش لەناو هەوڵدان دان، ئێمەی کوردیش بۆ ئەوەی تووشی لۆزانێکی دووەم نەبین، بۆ ئەوەی کە وەک نەتەوەیەک، سروشتیی و لەسەر خاکی خۆمان بە ماف و ئازادیی بژین، پێویستە پەرتەوازە نەبین، پێویستە یەکبگرینەوە و خاوەن ستراتیژیەکی هاوبەش بین، واتا ستراتیژییەکی نەتەوەییمان هەبێت، ئەگەر نەگەین بەمە، لەجێی دەبێت خەریکی یەکتر بین و لەیەک بدەین، خوێنی کورد بەدەستی کورد بڕژێت، ئەمەش ١٠٠ ساڵی دیکەمان لە کیس دەدات و زۆر شتمان لەدەست دەچێت و کارەسات ڕوودەدات.
قەرەیلان بە پێویستی دەزانێت”بە ستراتیژییەکی هاوبەشەوە پێشوازیی لە ٢٠٢٣ بکەین، پێویستە یەکتر لاواز نەکەین، کەس کەس نەسڕێتەوە، با سیاستی کورد بەهێز بێت، پێویستە ئەم قۆناغە ڕاست بخوێندرێتەوە، ئەم قۆناغە، قۆناغێکی ئاسایی نییە، قۆناغێکی ستراتیژییە، ئەوانەی ستراتیژێکی ڕاست دانەڕێژن و ڕاست نەڕۆن، دادەبڕێن، بۆیە پێویستە کەس تاکتیکی بیر نەکاتەوە، کێشەمان هەیە، ئەگەر ناتوانن یەکبگرنەوە با یەکتر لاواز نەکەن، ئێمە نامانەوێت هیچ حزبێک لاواز بێت، نامانەوێت کەس پەدەکە لاواز بکات، نامانەوێت یەنەکە لەو کێشانە زیان ببینێت، هیوادارین یەنەکە لەو کێشە ناوخۆییانەدا بە عەقلێکی سەلیم، نەک بەلاوازیی، بە بەهێزیی دەربازی بێت”.
لە بەردەوامیی ئەو باسەدا قەرەیلان دەڵێت: هەڵویستی دەوڵەتی تورک دیارە، کورد بە مەترسییەک بۆسەر خۆی دەبینێت، بەتایبەتیش، پەکەکە، ڕۆژئاوا و پێگەی باشووری کوردستان بە مەترسیی بۆسەر خۆی دەبینێت، واتا ناسنامەی کورد بۆ ئەو مەترسییە، پێشتریش سەدام وتبووی کە کێشەم لەگەڵ کورددا نییە، کێشەم لەگەڵ پیشمەرگەیە، تەنانەت ئۆتۆنۆمییشی دایە کورد، هەمان شت ئێستا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دووبارە دەبێتەوە، هەر کەسێک لە باکوور باسی دۆزی کورد، ئازادیی و زمانی کوردیی بکات دەبێت ئامانج، مۆری پەکەکەی لێدەدەن، چاولێکە، دژی ئەوە بوو لە ژاپۆن کوردیی بخوێندرێت، پێویستە ئێمە ئەم زیهنییەتە بخوێنینەوە و لە بەرامبەریدا ڕێوشوێن بگرینەبەر، بە پێچەوانەوە خەساری گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت، بۆیە وتمان ئەمە کارەساتە، بۆیە یەکێتی نەتەوەیی بە گرنگ دەبینین”.
موراد قەرەیلان لە کۆتاییدا داواکارییەکەی دووبارە دەکاتەوە، “هەموو سیاسەتمەدارانی کورد، هەموو سەرکردە سیاسییەکانی کورد، هەمو کەسە پەیوەندیدارەکان هەوڵ بۆ یەکیتی نەتەوەیی بدەن، چونکە گەلەکەمان پێویستیی پێیەتی، بۆ داهاتوومان پێویستیمان بە یەکێتی نەتەوەیی هەیە”.
ب.ک