قەسەدە ڕایگەیاند، لە ١٠ ڕۆژی ڕابردووی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، خوێندنگایەک، بنکەیەکی تەندروستی و دوو نەخۆشخانەی بۆردوومان کراون، لە ئەنجامیشدا ١٣ هاوڵاتی و ٢٠ شەڕڤان شەهید بوون.
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات-قەسەدە، ئاماری ١٠ ڕۆژی ڕابردووی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڵاوکردەوە.
قەسەدە ڕایگەیاندووە:”دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ڕۆژی ١٩ی تشرینی دووەم بە فڕۆکەی جەنگیی هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی دێرک، دەربێسییە، ئەبو ڕاسێن، کۆبانێ و شەهبا دەستپێکرد، ماوەی ١٠ ڕۆژە هێرشەکان بەردەوامن و هەموو شارەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای گرتووەتەوە”.
ڕوونیشیکردووەتەوە، کە لەو هێرشانەدا تائێستا ١٣ هاوڵاتی و ٢٠ شەڕڤان شەهید بوون، هەروەها حەوت شەڕڤان و ١٤ هاوڵاتی، کە سیانیان منداڵ بوون، برینداربوون. هاوکات ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆش شەهید بوو و دوو کەسی تریشیان برینداربوون.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەەکەی قەسەدە، “دەوڵەتی تورک بە بۆمبی فسفۆڕی شارۆچکەی شەرای عەفرینی بۆردوومان کردووە، خوێندنگایەکی لە گوندی کۆران-ی کۆبانێ، ناوەندێکی تەندروستیی لە قەرەمۆخێ و دوو نەخۆشخانەی بۆردوومان کردووە”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە بەهۆی ئەو هێرشانەوە تائێستا ٢٣٥ خوێندنگە داخراون و لە ٢٥١ خوێندنگەش پشوو ڕاگەیاندراوە، بەو هۆیەوە ٢١ هەزار و ٨٤٣ خوێندکار لە خوێندن بێبەش بوون.
ب.ل