قەسەدە ئەنجامی شەڕ و بەرخۆدانەکانی ڕۆژی ٥٢یەمی ڕاگەیاند

قەسەدە ئەنجامی شەڕ و بەرخۆدانەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە دوو شەڕڤانیان شەهیدبوون.


ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە، ڕاگەیەندراوێکی لەسەر ئەنجامی ٥٢ـەمین ڕۆژی شەڕ و بەرخۆدانەکانی ڕۆژئاوا بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی، سەرەڕای هێرشەکان، چالاکییە سیخوڕییەکانیان لە سەرتاسەری بەرەکان بەردەوامە.

هەروەها هاتووە: سوپای داگیرکەر و چەتەکانی لە دەوروبەری گوندی ئەبو ڕەسەن، بە چەکی قورس و پشتیوانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، درێژە بە هێرشەکانی دەدات، لە گوندی تل محەمەد و تل وەرد هێرشیان کردووەتە سەر ناوچە مەدەنییەکان و سەنگەری شەڕڤانانی ئەنجومەنی سەربازیی سوریانی.

لە بەردەوامیدا هاتووە: سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی، گوندەکانی عەین عیسا و قزەلی-یان بە شێوەیەکی چڕ تۆپباران کردووە و چەندین ناوچەی مەدەنییان کردووەتە ئامانج، هەروەها گوندەکانی زنوبیە و کۆڕک بە تانک و تۆپ، تۆپباران کراون و زیانی ماددی بە خەڵکی مەدەنی گەیشتووەتە.

لە کۆتاییشدا هاتووە: لە ئەنجامی هێرشی سوپای داگیرکەری تورک بە چەکی قورس و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، دوو هەڤاڵمان شەهید بوون و دوو هەڤاڵی دیکەشمان برینداربوون.

ک.س