قەسەدە ڕایگەیاند، هێزەکانیان بۆ تۆڵەسەندنەوەی شەهیدان، سێ چالاکیی بەهێزیان لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر لە سنووری شاری ماردینی باکووری کوردستان ئەنجامداوە، لە ئەنجامدا ٢٣ سەربازی داگیرکەری تورک کوژران و بەلایەنی کەمەوە دوو سەربازیش برینداربوون.
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی سووریا دیموکرات-قەسەدە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجامی سێ چالاکیی شەڕڤانانی دژی سوپای تورکی داگیرکەر لەسەر سنووری شاری ماردینی باکووری کوردستان بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە ڕۆژی ٨ی ئاب شەڕڤانان لە سێ کاتی جیاوازدا سێ ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی سوپای تورکیان کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ٢٣ سەربازی تورک کوژراون و لانیکەم دوو سەربازیش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لە چالاکییەکاندا کە شەڕڤانان بە چەکی قورس ئەنجامیانداوە، هەرسێ ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکەی سوپای تورک تێکشکێندراون.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا، قەسەدە ئاماژەی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردووە و ڕایدەگەیەنێت، کە تەنها لە سەرەتای ئەم مانگەوە تائێستا حەوت کەس بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە شەهیدبوون، کە دوانیان منداڵبوون و ١٧ کەسیش برینداربوون، کە ١٠یان منداڵ و سیانیان ژن بوون.
ب.ل