قەسەدە ڕایگەیاند، هیچ پەیوەندییەکیان بە کوژرانی ئەبو حەسەن قوڕەیشی، خەلیفەی چەتەکانی داعشەوە نییە، ڕاشیگەیاندووە:”ئەرکی هەرە سەرەکیی ئێمە پاراستنی ناوچەکانە لە هێرشەکان، بەڵام ڕێگەنادەین داعش سوود لە هێرشەکان وەربگرێت”.
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات-قەسەدە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کوژراونی ئەبو حەسەن قوڕەیشی، خەلیفەی چەتەکانی داعش بڵاوکردەوە، کە دوێنێ لەلایەن وتەبێژی چەتەکانی داعشەوە هەواڵی کوژرانی بڵاوکرایەوە.
قەسەدە ڕایگەیاندووە:”هێزەکانمان بەشدارنەبوون لە کوژرانی ئەبو حەسەن قوڕەیشی، خەلیفەی نوێی داعش و هیچ پەیوەندییەکمان بە کوژرانییەوە نییە”.
ڕاشیگەیاندووە:”پاراستنی ناوچەکانمان و گەلەکەمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ئەرکی هەرە سەرەکیمانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگەنادەین داعش سوود لەم دەرفەتانە وەربگرێت و هێرش ئەنجامبدات”.
دوێنێ ئەبو عومەر موهاجیر، وتەبێژی چەتەکانی داعش لە تۆمارێکی دەنگییدا کوژرانی ئەبو حەسەن قوڕەیشی، خەلیفەی داعشی ڕاگەیاند. موهاجیر باسی لەوەکرد، کە ئەبو حەسەن قوڕەیشی لە شەڕێکدا کوژراوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە کات و شوێنەکەی بدات.
ب.ل