قەسەدە ڕەتیدەکاتەوە هیچ ڕێککەوتنێکیان سەبارەت بە تل تەمر ئەنجام دابێت

وتەبێژی قەسەدە، ڕەتیدەکاتەوە، کە هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان ئەوان و ڕوسیا و تورکیا لە تل تەمر ئەنجام درابێت و ڕایدەگەیەنێت، کە هێشتا دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بەردەوامن لە هێرش کردن و ئاگربەست پێشێل دەکەن.


کینۆ گابرێل، وتەبێژی فەرمیی هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە، دەرباری هەواڵێک سەبارەت بەڕێککەوتنی قەسەدە و ڕوسیا و تورکیا لە تل تەمر، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

تەواوی ڕاگەیەندراوەکە:

هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن دوێنێ  ١٦/١١/٢٠١٩هەواڵێکیان بڵاوکردەوە دەربارەی ڕێککەوتن لەنێوان ڕووسیا و تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکرات پەیوەست بە شاری تل تەمر، ئاگربەست لەو خەتە و ڕادەستکردنی ڕێگای نێودەوڵەتیی بە سەربازی ڕوسیا و هێزەکانی حکومەتی سوریا.

وەکو هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایدەگەیەنین، کە ئەو هەواڵە ڕاست نییە، هەروەها بۆ ڕای گشتیی ئاشکرادەکەین، کە سوپای تورکی داگیرکەر و گروپەکانی لایەنگری، هێشتا بە دژواریی هێرش دەکەنە سەر گوندەکانی شاری تل تەمر و هەتا ئێستا ئاگربەست پێشێل دەکەن.

 

ش.ف