قەسەدە کوژرانی ١٥ چەتەی داعشی ڕاگەیاند

قەسەدە ڕایگەیاند، کە لەچوارچێوەی قۆناغی کۆتایی شەڕی لەناوبردنی تیرۆردا، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا چەند بارەگایەکی فەرماندەیی چەتەکانیان خاپوورکردووە و ١٥ چەتەی داعشیش کوژراون.


ئەمڕۆ، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە، ئاماری شەڕی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی قۆناغی کۆتایی گەردەلولی جزیرەی لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات ئاشکراکرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە دوروبەری گوندی باخۆزا-ی سەروو چەتەکانی داعش ناوەندێکی تۆپبارانکرد، کە ڕۆژێک پێشتر لەلایەن هێزەکانمانەوە ڕزگارکرابوو، فڕۆکەکانی هاوپەیمانان سەرچاوەی تۆپهاوێژەکانی چەتەکانیان بۆردوومانکرد، هەروەها تۆپهاوێژەکانی هاوپەیمانان بارەگاکانی چەتەکانیان تۆپباران کرد، لە ئەنجامدا بارەگایەکی فەرماندەیی چەتەکان و شوێنی جێگیرکردنی تۆپهاوێژەکان و گوللـەنەبڕێکی چەتەکان تێکشکێندرا.

قەسەدە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە لە پێکدادانەکانی ئەو ناوچەدا شەڕڤانێکیان گەیشتووەتە پلەی شەهادەت.

ئەوەش خراوەتەڕوو: هێزەکانمان شەوی ڕابردوو هێرشیانکردە سەر گوندی باخۆزێ و پێنج خاڵی سەربازییان ڕزگارکرد، بەمشێوەیەش شەڕ دەچێتە باخۆزەوە، لە شەڕەکەشدا شەڕڤانێکمان برینداربوو.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا قەسەدە ڕاشیگەیاندووە: لە بەرەی سووسێ چالاکیی سەربازیی و گوللـەباران بە چەکی سووک ڕوویداوە و دواتر شەڕی دەستەویەخە لەنێوان شەڕڤانانمان و چەتەکانی داعش ڕوویداوە، هێزەکانمان ڕووبەری یەک کیلۆمەتر پێشڕەوییان کرد، چەتەکان جارێکی دیکە هێرشی پێچەوانەیان کرد، لە هێرشەکەیاندا ئۆتۆمبێلێ بۆمبڕێژکراویان بەکارهێنا و ئەو خاڵە سەربازییانەیان گرت کە لەلایەن شەڕڤانانمانەوە ڕزگارکرابوون، شەڕ تا درەنگانی شەوی خایاند و لە کۆتاییدا شەڕڤانانمان خاڵەکیان گەڕاندەوە و چەتەکان ڕاوەدوونا.

قەسەدە لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەوەشی ڕاگەیاندووە، کە لە ئەنجامی شەڕی ئەمڕۆدا لە گوندی شەفا، بارەگایەکی فەرماندەیی چەتەکان لە گوندەکە بووەتە ئامانجی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەشدا ٢ چەتە کوژراون، هەروەها لە دەوروبەری گوندی باخۆز ١٣ چەتەی کوژراون و خاڵێکی چاودێرییشیان خاپوورکراوە.

جێگای باسە، ڕۆژی ١١ی ئەیلول، فەرماندەیی گشتیی قەسەدە کۆتا قۆناغی ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی جزیرەی بە ناوی "شەڕی لەناوبردنی تیرۆر" لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات ڕاگەیاند.

ب.ل