سێشەممە, 18 سبت 2018 – 08:03 ڕۆژنیوز – ئاشتی ئەحمەد
قەڵای چەمچەماڵ كە بەقەڵای سپی حەسار ناسراوە، دەکەوێتە شارۆچکهی چهمچهماڵی سهر به پارێزگای سلێمانی، ئەو قەڵایە یهکێکه له قهڵا مێژووییهکانی باشوری کوردستان و ڕەمزی ناساندنی شارۆچكەكەییە.
دوو بۆچوونی جیاواز ههیه لهبارهی مێژووی قهڵایی سپی حەسار، یهکێکیان دەزگای شوێنەواری عێراقه لەدەرئەنجامی كنەو پشكنینی قەڵاكە لهساڵی ١٩٤٠ کردوویانه، مێژووی دروستبوونی بۆ سەردەمی كاشییەكان، یاخود كۆتایی سەردەمی ئاشورییەكان دەگەڕێنەوە، بۆچوونێکی دیکەش ئەوەیە، کە جیمس ڕیچ، باڵیۆزیی ئەوکاتی بەریتانیا لەویلایەتی بەغدا لە ساڵی ١٨٢٠ بە سنووری چەمچەماڵدا تێپەڕبووە و شەوێك لەسەر قەڵای چەمچەماڵ ماوەتەوە، لەئەنجامی ئەو كنەو پشكنیەی كردوویەتی پێیوابووە، مێژووی قەڵاكە بۆ سەردەمی ساسانییەكان دەگەڕێتەوە.
قهڵاکه بهشێوهیهک دروستكراوە، لەكاتی گەمارۆدانی سەربازییدا خەڵكی سەر قەڵاكە پێوستییان بەخوارەوە نەبێت، بەشێوەیەک وەک مێژووناسان دەڵێن، لەسەر قەڵاكە بیری ئاو هەبووە، هەروەها لەسەردەمی عوسمانییەكان و ئینگلیزەکانیشدا قشڵی لێبووە، لەساڵی ١٩٥٠ ئاسەواری سەرقەڵاكە لەلایەن ڕەشید سدقی، قائیمقامی ئەوكاتەی چەمچەماڵەوە تێكدراوە.
قەڵاکە بەهۆی پشتگوێخستنەوە بەرەو لەناوچوون دەچێت و چەندین بینا و باڵەخانەش لەدەوروبەری دروستکراوە، بۆ پاراستنی قهڵاکهش مێژوونووسانی شارۆچکهکه کۆمهڵێک داواکاریان ههیه، چونكە وەک خۆیان دەڵێن: قەڵاكە مێژوویەكی زۆر كۆنی هەیە و پێویستە بایەخی پێبدرێت و پشكنینی زیاتری لەبارەوە بكرێت.
بەختیار شەریف قوربانی، بهڕێوبهری ڕۆشنبیری و هونەری شارۆچکەی چەمچەماڵ، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز، بۆ پاراستنی قەڵای سپی حەسار بەپێوستی دەزانێت، کە فهرمانگهیهکی شوێنهوار له شارۆچکەکە دابمەزرێت و کار بۆ پاراستنی ئەو شوێنەوارە مێژوویانە بکات، که لە سنوورەکەدا ههیه، دەشڵێت: بەداخەوە بەهۆی نەبوونی فەرمانگەی شوێنەوار و ڕۆشنبیریی شوێنەوارەوە، قەڵاكە بەرەو لەناوچوون دەچێت.
بەڕێوبەری ڕۆشنبیری و هونەری چەمچەماڵ، داواش لە حكومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، کە چیتر مۆڵەت بەدروستكردنی تەلاری بەرز نهدرێت له نزیك قەڵاكە، چونکە وەک خۆی دەڵێت: هەبوونی ژمارەیەک تەلاری بەرز لە دەوروبەری قەڵاکە، وایکردووە سیمای قەڵاکە بشارێتەوە.
بۆ زیاتر ئاشکراکردن و دۆزینەوەی ئەو ئاسەوارانەی کە لەسەر قەڵاکە هەیە، دكتۆر فەرهاد عەبدولعەزیز، پسپۆڕ لەمێژووی نوێ و هاوچەرخی كورد، قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد و بەپێویستی زانی، کە کنه و پشكنینی زیاتر بۆ قەڵای سپی حەسار بکرێت، بەڵام نایشارێتەوە کە لەئێستادا هیچ هەوڵێکی لەوشێوەیە بوونی نییە.
شارۆچکهی چهمچهماڵ بە چەندین شوێنەواری مێژوویی وهک (بەردەبەلەكە و كەریم شالیار و گوندی چەرموو و قەڵای سپی حەسار)ی چەندین شوێنی مێژوویی دیکە دەوڵەمەندە، بهڵام بههۆی ئاوڕلێنەدانەوەوە بەشێکی زۆری ئەو شوێنەوارە مێژووییانه تێكدراون و بهرهو لهناوچوون دهچن.
https://youtu.be/bB1mJ18Lq3c?=
ب.ل