یەكشەممە, 15 يول 2018 – 12:18 ڕۆژنیوز – قەندیل
دوێنێ گەنجانی باشوری کوردستان لە کەرکوک، سلێمانی، چەمچەماڵ، مەخمور، هەڵەبجە و چەند شوێنی دیکەوە بەرەو قەندیل و چالاکیی قەڵغانی زیندوو بەڕێکەوتن و لە مەراسیمی یادی بەرخۆدانی ١٤ی تەموزدا بەشدارییان کرد.
چالاکیی قەڵغانی زیندوو ٣٦ ڕۆژی بەسەردا تێپەڕیوە، گەنجانی باشوری کوردستان لەلایەن چالاکوانانی ئینتەرناشنالی خەڵکی سوید و سویسرا، کە بەشداریی چالاکیی قەڵغانی زیندوودەکەن پێشوازییان لێکرا، چالاکوانانی قەڵغانی زیندو و گەنجانی باشوری کوردستان پاشان بە ڕێکخستنی کاروانێک بەرەو مەزارگەی شەهیدانی محەمەد قەرەسونگور بەڕێکەوتن.
لە ڕێگادا دروشمی “بژی پەکەکە”، “بمرێت خیانەت”، “بژی سەرۆک ئاپۆ” و “شەهیدان نامرن” وترانەوە.
لە مەرزگەی شەهیدان لەلایەن چالاکوانانی قەڵغانی زیندووەوە ڕاگەیەندراوێک خوێندرایەوە، ئەو چالاکوانانە ڕایانگەیاند، کە بەرخۆدێرانی ١٤ی تەموز فاشیزمی دەوڵەتی تورکیان قبوڵ نەکرد، سەرەڕای هێرشی دوژمن بۆ سەریان بەردەوامییان دا بە بەرخۆدانیان و سەریان دانەنەواند.
لە بەردەوامیی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدرا: ئێمە وەک گەنج لە قەندیل بەردەوامیی دەدەین بە ڕێبازی بەرخۆدێرانی ١٤ی تەموز، بۆیەشە چالاکیی قەڵغانی زیندومان دەستپێکردووە، ماوەی ٣٦ ڕۆژە وەک قەڵغان لە بەرامبەر هێڕشی دوژمندا وەستاوین.
پاشان ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر ڕاگەیەندراوێکیان خوێندەوە، ڕاگەیەندراوی ئەو ڕێکخراوە لەلایەن بێریتان سەقزەوە خوێندرایەوە و بەڵێن درا بۆ بەردەوامیدان بە تێکۆشانی دژی داگیرکاریی.
ش.ف