"كاتی ئه‌وه‌یه‌ لایەنەکان بایكۆتی كاری سیاسی و دیبلۆماسی له‌گه‌ڵ توركیا بكەن"

به‌شێك له‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی باشوری كوردستان، بە پێویستی دەزانن، هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، دژ به داگیركارییه‌ی دەوڵەتی تورك بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان، بەپێویستی دەزانن وەک چۆن خەڵک بایكۆتی كڕینی كاڵا و شتومه‌كی توركی كرد، ئاواش ئەوان بایكۆتی هه‌موو كارێكی سیاسی و دیبلۆماسی بكه‌ن.


له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی داگیركاریی ده‌وڵه‌تی تورك بۆ سه‌ر ڕۆژئاوایی كوردستان، گه‌لی باشوور وه‌ك فشارێك دژ به‌ توركیا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و داگیركارییه‌، ده‌ستیاندایه‌ بایكۆتكردنی كاڵاو شتومه‌كی توركی و فشارێكی زۆریان بۆ ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ر دروستكرد، له‌ ئێستادا بەشێک لە کادرانی یه‌كێتی و شیوعی به‌گرنگی ده‌زانن لایەناکان بایكۆتی كاری سیاسی و دیلۆماسی لەگه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ بكەن.

محه‌مه‌د حاجی عومه‌ر، ئه‌ندامی مه‌ڵبه‌ندی ١١ی گه‌رمیانی، یه‌كێتی نیشیتمیانی كوردستان، بۆ ڕۆژنیوز، وتی: دوای ئه‌وه‌ی بایكۆتكردنی كاڵا و شتومه‌كی توركی ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی باشی به‌دوای خۆیدا هێنا و فشارێكی زۆری دروستكرد، ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌، حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی باشوور پێكه‌وه‌، بایكۆتی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسی و دیبلۆماسیه‌كانیان له‌گه‌ڵ توركیا بكه‌ن.

باسی له‌وه‌شكرد، هه‌ر فشارێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كوردا بێت و دژی دوژمن و نه‌یاره‌كانی میلله‌ته‌كه‌مان بێت، گرنگە ئه‌نجامبدرێت، له‌ئێستادا كورد پێویستی به‌یه‌ك ده‌نگی هه‌یه‌، گرنگه‌ باشوور پشتگیری ڕۆژئاوا بكات به‌ هه‌ر میكانیزم و سیاسه‌تێك بێت، بۆ ڕۆژهه‌ڵاتیش هه‌روا.

هەر لە سەر ئەو پرسە هادی كوڵكنی، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی‌ محه‌لی هه‌ڵه‌بجه‌ی حزبی شیوعی كوردستان، بۆ ڕۆژنیوز، وتی: بایكۆتكردنی كاروباری سیاسی كاربه‌ده‌ستانی باشوور له‌گه‌ڵ توركیا، له‌م دۆخه‌ی ئێستادا زۆر پێویسته‌، پێویست تر بوو، ئه‌وكاته‌ی توركیا سنورەکانی هەرێمی بەزاند و بە تانک و فڕۆكه‌ لادێکانی باشووری بۆردومانكرد و هاوڵاتیانی شەهیدکرد، له‌لایه‌ن سیاسیه‌كانی باشووره‌وه‌، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك كاری سیاسی و دبلۆماسییان له‌گه‌ڵ توركیا بایكۆت بكردایه‌.

ئەو کادرەی حزبی شیوعی، وتیشی: ئێستاش كه‌ داگیركاریی بۆ سه‌ر ڕۆژئاوا هه‌یه‌، پێویسته‌ حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵوێستی سیاسی جدی هه‌بێت، چۆن بایكۆتی كاڵا وشتومه‌كی توركی كرا، ئاواش بایكۆتی كاری سیاسی و دبلۆماسی له‌لایه‌ن حكومه‌ت و سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كان و سیاسه‌تمه‌دانه‌وه‌ بكرێت، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌، كورد هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری تورك ڕابگرێت.

ک.س