یەكشەممە, 19 أبر 2020 – 09:38 ڕۆژنیوز – كەركوك
هەفتەی ڕابردوو، چەتەكانی داعش لە باشوری كەركوك، چەندین جار هێرشیان كردە سەر هێزە ئەمنیەكان بە تایبەت لە سنوری شارۆچكەی داقووق، هێرشی چەتەكان وایكرد كە هێزە ئەمنیەكان پلانێكی تایبەت و جیاوازتر دابڕێژن بۆ ڕووبەڕوونەوەی داعش.
بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆەوە لە ناو شاری كەركوك، بەشێكی زۆری ئەو هێزانەی لە ناوچەكانی باشوری كەركوك جێگركرابوون هێنراواتە ناوشار بە مەبەستی دانانی بازگە وەك ڕێكارێك بۆ ڕێگریكردنی لە جوڵەی هاوڵاتیان، هێنانی هێز لە دەرەوەی شار وایكردووە كە داعش بەهۆی كەمی ژمارەی هێزە ئەمنییەكان لە باشوری كەركوك بتوانێت بە ئاسانی هێرش ئەنجام بدات.
سەرەڕای جوڵەكانی داعش لە ناوچەكانی باشوری شارەكە، سەنتەری شاریش بەدەر نیە لە شانەی نوستووی داعش، لە ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە هێزە ئەمنیەكانی كەركوك بە پشت بەستن بە دەزگای هەواڵگری عێراق، چەتەیەكی داعش-یان لەگەڕەكی ڕەحیماوای كوردنیش دەستگیركرد.
پاش لێكۆڵینەوەی ورد لەو چەتەیە دەركەوتووە كە پلەی ئەمیری لە ناوچەكەدا هەبووە هەروەها چەندین نهێنی گرنگی داعشی بە هێزە ئەمنییەكانداوە، لە دانپێدانانی چەتەكە ئەوە ئاشكرا بووە یەكێك بووە لە بكەرانی كۆمەڵكوژی سپایەكەر، وە هەبوونی چەندین شانەی نوستووی داعشی لە ناو كەركوك ئاشكرا كردووە.
دەسگیركردنی چەتەكەی داعش لەگەڕەكی ڕەحیماوا، دەستبەجێ فەرماندەی هێزەكانی كەركوكی ناچاركرد كە تەواوی هێزە ئەمنیەكانی شارەكە بخەنە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، بۆ ئەوەش لە چوار گەڕەكی شارەكە هەڵمەتی پشكنی ماڵ بەماڵیان ئەنجامدا، بەپێی ڕاگەیەندراوی لیوای ٦١ی سوپای عێراق كە ئەركی پاراستیننی كەركوكیان پێدراوە لە هەڵمەتەکەدا چەندین كەس دەسگیركراون.
كەوتنە حاڵەتی ئامادەباشی هێزە ئەمنیەكانی كەركوك نەیتووانی دۆخێكی ئارام بۆ كەركوك و ناوچەکە بەدیبهێنێت، بەوپێیەی شەوی ١٧ی ئەم مانگە پۆلیسێك لە نێوان داقوق و خورماتوو بەسەربڕداوی دۆزرایەوە، هەروەها لە نێوان گوندی خاڵۆبازیان و شاردەێی لەیلان چەتەكان بازگەی پشكینان داناوە و داوای خواردنیان لە هاوڵاتیان كردووە، جگە لەوەش هێزە ئەمنیەكان لە شارۆچكەی دوبزی پارێزگای كەركوك دوو چەتەی داعشیان دەستگیركردووە.
ڕووداوە ئەمنیەكانی كەركوك ماوەی هەفتەیەكە بە بەراورد بە پێشتر زیادیان كردووە، بەو پێیەی تەنها لە دوو شەوی ڕابردوو تەقە كردن لە بازگەكانی پشكنینی ناو شاری كەركوك و تەقەكردنی بەشێوەی هەڕەمەكی لە گەڕەكە جیاوازەكان چەندین حاڵەت تۆمار كراون.
ک.س