كەركوك، ئەگەر هەیە تاقیكردنەوەی كیمیا دووبارە بکرێتەوە

بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاریی لە شاری كەركوك، دەڵێت: هەوڵدەدەین تاقیكردنەوەی كیمیای پۆلی شەشەمی ئامادەیی دووبارە بکرێتەوە، دەشڵێت: بردنە ژوورەوەی ژمێریار(حاسیبە) بۆ هۆڵی تاقیکردنەوەکان لە لایەن حكومەتی عێراقەوە قەدەغە كراوە.


دوێنێ لەكاتی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی پۆلی شەشەمی ئامادەیی لە شاری كەركوك، ڕێگە لە خوێندکارانی پۆلی شەشەمی ئامادەیی گیرا كە ئامێری ژمێریار ببنە هۆڵی تاقی كردنەوەكان، بەو هۆیەوە سەدان خوێندكار هۆڵی تاقیكردنەوەكانیان بەجێهێشت و ئامادەنەبوون وەڵامی تاقیكردنەوەكان بدەنەوە.

لەو بارەیەوە، پەروین فاتح، بەپرسی یەكەی سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردی لە شاری كەركوك، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسییدا وتی: ئەم كێشەیەمان پەیوەندی بەوەوە هەیە کە سیستمی خوێندن لە سەرەتای دروستبوونی خوێندنی كوردیی لە شاری كەركوك، گرفتی ئەوەی هەبوو، کە سیستەمی خوێندنمان سەر بە هەرێمی کوردستانە و سیستمی تاقیكردنەوەكانیش سەر بە حكومەتی عێراقە.

پەروین فاتیح، وتیشی: حكومەتی عێراق بە نووسراو سەرجەم بەڕێوەبەرایتەكانی خوێندنی لە شارەكان ئاگادار كردووەتەوە، كە بەكارهێنانی ژمێریار لە تاقیكردنەوەكان قەدەغەیە و بە هیچ شێوەیەك نابێت خوێندكار ژمێریار بەكاربهێنێت بۆ وەڵامدانەوەی تاقیكردنەوەكان، بردنە ژووەرەوەی بە غەش هەژمار دەكرێت بۆیە دوێنێ لە كاتی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی وانەی كیمیا، ڕێگە بە خویندکاران نەدراوە ژمێریار بەکاربهێنن.

پەروین فاتیح، ڕوونیشكردووە کە "هەوڵی ئەوەدەین تاقیكردنەوەی بابەتی كیمیا دووبارە بكرێتەوە بۆ ئەوەی خوێندكاران بە دەرنەچوو هەژمار نەكرێن، هەروەها هەوڵ دەدەین لە تاقیكردنەوەی فیزیا بە ڕێنمایی وەزارەتی پەروەردەی عێراق پرسی ژمیریار یەكلای بكرێتەوە كە بەكاربهێنرێت یاخوود نا".

لەئەمساڵدا، چوار هەزار و ٤٤٢ خوێندكاری كوردی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی كوردی بەشدارن لە تاقیكردنەوەی پۆلی شەشەمی ئامادەیی.

ک.س