كەركوك، هاوپەیمانی بەرەی عەرەبی دژی دانانی پارێزگارێكی كوردە  

هاوپەیمانێتی بەرەی عەرەبی لە شاری كەركوك لەلایەن سونەكانەوە دامەزرا و لە یەكەمین كۆنگرەی دامەزراندنی خۆیدا جەختی لەسەر عێراقی بوونی كەركوك كردەوە و بوونی پارێزگارێكی كوردی بۆ ئەو شارە ڕەتكردەوە.


ئەمڕۆ بە دورشمی(عێراقی بوونی كەركوك)بەرەی هاوپەیمانی عەرەبی لە هۆڵی ڤینیسا یەكەمین كۆنگرەی خۆی ئەنجامدا، كەتایبەت بوو بە ڕاگەیاندنی بەرەكە، كە لە زۆربەی هێزە سونەكان پێكهاتووە.

كۆنگرەكە بە ئامادە بوونی زیاتر لە هەزار كەسایەتی و سەرۆك هۆزی عەرەبی سونە دەستی پێكرد.

دواتر سەرۆكی بەرەی هاوپەیمانی عەرەبی شێخ مەزهەر عاسی ڕاگەیاند:" بەرەی هاوپەیمانی عەرەبی ماڵی تەواوی عەرەبی شاری كەركوكە، ئێمە كار بۆ چەند ئامانجێك دەكەین لەوانەش برایەتی نێوان پێكهاتەكانی كەركوك بە كورد و عەرەب و توركمان، دۆخی عەرەب و دەوڵەتە عەرەبییەكان لە بەردەم هەڕەشە و چارەنوسێكی نادیاردایە بە گشتی لە عێراق و بە تایبەت لە كەركوك، بۆیە گرنگە هاوپەمانێتیەك هەبێت سەرجەم عەرەبی ئەم شارە كۆبكاتەوە لە ژێر یەك چەتردا بڕیار بدەن، هەر بۆیە ئەمڕۆ هاوپەیمانی عەرەبیمان لە كەركوك ڕاگەیاند".

وتیشی:" كەركوك عێراقییە و بە عێراقی دەمێنێتەوە، پەیاممان بۆ لایەنەكان ئەوەیە كە یاری بە چارەنوسی كەركوك نەكەن، وە هیچ بڕیار و فەرمانێك لە دەرەوەی ئیرادەی كەركوكییەكان قبوڵ ناكەین، ئەو كەس و لایەنانەی دەیانەوێت لە هەولێر و بەغدا كێشەی كەركوك چارەسەر بكەن ئەوا هەڵەیەكی كوشندە دەكەن، دەبێت كێشەی ئەم شارە هاوڵاتیان بە كورد و عەرەب و توركمانەوە چارەسەری بكەن، بۆیە هەر كەس لە هەولێرەوە و لە نێوان دوو حزبی كوردی بۆ پارێزگاری ئەم شارە دابنرێت جێگای قبوڵ نیە".

د.ح